دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

هەسەدە: هاوپەیمانان بەڵێنەکانیان نەبردە سەر و 9 شەڕڤانمان لە ڕەققە گیانیان لەدەست دا

هەرێم نیوز

هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕەخنە لە هاوپەیمانان دەگرێت کە بەدەم داواکانیانەوە نەچوون بۆ گواستنەوەی زیندانیانی داعش و ئاشکرای دەکات لە شەڕی پاراستنی زیندانەکەدا ٩ شەڕڤانیان گیانیان لەدەست داوە.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی ١ی ٢٠٢٦، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ماوەی سێ ڕۆژە بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەوڵی گواستنەوەی زیندانیانی داعش دەدەن لە زیندانی "ئەلقەتان" لە ڕەققە بۆ شوێنی ئارام، بەڵام "هاوپەیمانان سەرەڕای بەڵێنە بەردەوامەکانیان، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەییان نەناوە."

بەگوێرەی بەیاننامەکە، لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق بۆ سەر زیندانەکە، تا ئێستا ٩ شەڕڤانی هەسەدە گیانیان لەدەست داوە و ٢٠ی دیکەش بریندار بوون.

هەسەدە جەختی کردووەتەوە کە شەڕ و پێکدادانەکان لەژێر بارودۆخێکی ئەمنی زۆر مەترسیداردا بەردەوامن.

دەقی راگەیەنراوی هەسەدە:

بەیاننامەیەک بۆ ڕای گشتی سەبارەت بە بارودۆخی ئەم دواییەی زیندانی "ئەلقەتان" لە ڕەقە

ماوەی سێ ڕۆژە هێزەکانمان بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کار دەکەن بۆ گواستنەوەی زیندانیانی ڕێکخراوی دا*عش لە زیندانی "ئەلقەتان" لە شاری ڕەقە بۆ شوێنە ئارامەکان، بەڵام هاوپەیمانان سەرەڕای بەڵێنە بەردەوامەکانیان، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەییان لەم چوارچێوەیەدا نەناوە.

لە کاتی شەڕ و پێکدادانە بەردەوامەکان لەگەڵ ئەو گروپانەی سەر بە دیمەشقن کە هێرش دەکەنە سەر زیندانەکە، هێزەکانمان بەردەوام بوون لە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆیان لە پاراستنی زیندانەکە و ڕێگریگریکردن لە تێکچوونی باری ئەمنی.

 ئەم پێکدادانانە تا کاتی دەرچوونی ئەم بەیاننامەیە، بووەتە هۆی شەهیدبوونی 9 لە شەڕڤانانمان و برینداربوونی 20 کەسی دیکە.

شەڕ و پێکدادانەکان تا ئێستاش لە ژێر بارودۆخێکی ئەمنی زۆر مەترسیداردا بەردەوامن.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)
١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP