هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامێکی توند و ڕاستەوخۆدا، وەڵامی هەڕەشەکانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دایەوە و هۆشداریی دا لە هەر لادانێک و هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
ئەمڕۆ شەممە (١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦)، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە زمانی فارسی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند: "هەندێک ڕاپۆرت هەن باس لەوە دەکەن ئێران پلانی هەیە هێرش بکاتە سەر سەربازگەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ ئەگەر بەو شێوەیە هەڵسوکەوت بکەن، ئەوا بە توندی وەڵامتان دەدرێتەوە."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە درێژەی پەیامەکەیدا کە ئاراستەی سەرکردایەتیی ئێرانی کردووە، ئاماژەی بەوە داوە کە دۆناڵد ترەمپ چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە "هەموو بژاردەکان لەبەردەستن." لە کۆتایی پەیامەکەشدا بە ڕوونی هاتووە: "یاری لەگەڵ ترەمپ مەکەن."
ئەم پەیامەی واشنتن دوای ئەوە دێت کە هەر ئەمڕۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە هانی خۆپیشاندەران دەدات بۆ تێکدانی سەقامگیریی وڵاتەکەی. خامنەیی هەروەها دۆناڵد ترەمپی بە "تاوانبار" ناوبرد و ڕایگەیاند کە زیانی گەورەی بە گەلی ئێران گەیاندووە.