هەرێم نیوز
ئەمڕۆ چوارشەممە چواری ئاداری ٢٠٢٦، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پێگەیشت. لە پەیوەندییەکەدا تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانیان کرا.
هەردوولا لەسەر گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە کۆک بوون. هەروەها جەختیان لەسەر پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان کردەوە، بە شێوەیەک کە ڕێگری لە هەر هەوڵێک بکرێت بۆ تێکدانی سەقامگیری و ئاڵۆزکردنی زیاتری دۆخی هەستیاری ئێستا.
نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لە ململانێکان و وەک هەمیشە فاکتەری ئارامی دەبێت. سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتگیریی خۆی بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەربڕی کە ئامانجیان هێورکردنەوەی گرژییەکان و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی شەڕە لە گەلانی ناوچەکە.