دواین هەواڵ

جیهان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمریکا: بواری ئاسمانی ئێرانمان کۆنترۆڵ کردووە و هێرشەکانمان چڕتر دەکەینەوە

هەرێم نیوز 

بەرپرسانی باڵای سەربازی ئەمریکا رایدەگەیەنن، کۆنترۆڵی تەواوەتی ئاسمانی ئێرانیان کردووە و لە ماوەی داهاتوودا هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو وڵاتە خێراتر و چڕتر دەکەنەوە. هاوکات ئاشکرای دەکەن کە تەنها لە یەک ڕۆژدا زیاتر لە دوو هەزار ئامانجی ئێرانیان پێکاوە.

پیت هێگسەس، وەزیری بەرگری ئەمریکا، لە لێدوانێکدا ئاشکرای کرد، بە تەواوەتی کۆنترۆڵی بواری ئاسمانی ئێرانیان کردووە و باڵادەستی ئاسمانی خۆیان بۆ لەناوبردنی سەکۆ مووشەکییەکان و فەرماندەکانی ئێران بەکاردەهێنن. هێگسەس وتیشی: "لە ئۆپەراسیۆنەکانمان دژی ئێران، لەپێناو دڵنیابوون لە سەرکەوتنی ئەرکەکەمان کاتی پێویست وەردەگرین، لە ماوەی داهاتووشدا هێرشەکانمان بۆ سەر ئێران خێراتر و چڕتر دەکەینەوە".

وەزیری بەرگری ئەمریکا باسی لەوەش کرد کە ئەم جەنگە حەوت هێندە بەهێزترە لە جەنگەکانی پێشوو، سیستەمی بەرگری ئەمریکاش توانای درێژەدان بە شەڕەکەی هەیە، لە کاتێکدا تواناکانی ئێران روو لە کەمبوونەوەن. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاشکرای کرد، ژێردەریاییەکی ئەمریکی لە زەریای هیندی کەشتییەکی جەنگی ئێرانی نوقم کردووە و تا ئێستا هەزاران مووشەکی ئێرانیان تێکشکاندووە، هەروەها ئەو فەرماندەیەی کە بەرپرس بووە لە هەوڵی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ، کوژراوە.

لەلایەکی دیکەوە، ژەنەڕاڵ دان کەین، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا، وردەکاری زیاتری لەبارەی قەبارەی هێرشەکانەوە خستەڕوو و ڕایگەیاند: "دوێنێ زیاتر لە دوو هەزار ئامانجمان لەناو ئێران پێکاوە و 20 کەشتیمان تێکشکاندووە، بەمەش بوونی سەربازی ئێرانمان پەکخستووە و ناکارامان کردووە".

ژەنەڕاڵ کەین جەختی لەوەش کردەوە، کار بۆ لەناوبردنی تەواوەتی سیستەمی مووشەکی بالیستی و هێزی دەریایی ئێران دەکەن، بۆ ئەوەی لە ئایندەدا ئەو وڵاتە نەتوانێت هیچ هێرشێک ئەنجام بدات. هەروەها گوتی: "ئێمە بەشی پێویست چەک و تەقەمەنی وردمان لەبەردەستدایە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان، چ لە ڕووی بەرگری و چ لە ڕووی هێرشبردنەوە".

سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشدا، هێرشەکانی ئێران هەڕەمەکین و ئامانجی مەدەنییان لە ناوچەکە کردووەتە ئامانج. باسی لە ڕۆڵی وڵاتانی ناوچەکەش کرد بەجۆرێک؛ ئیمارات ژمارەیەک درۆن و قەتەریش دوو فڕۆکەی جەنگی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە. لە کۆتاییدا هۆشداری دا کە ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی ئێران ئاڵۆز و مەترسیدارن و هێشتا کۆتاییان نەهاتووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP