هەرێم نیوز
گرژیی و ئاڵۆزییەکانى سوریا بۆ ئیسرائیلییەکان جێگەى دڵەڕاوکێ و نائارامییە، نەک لەبەر ئەوەى ناتوانن کاریگەرییان لەسەر یەکێک لە دراوسێکانیان هەبێت، بەڵکو لەبەر ئەوەى کاروانى بەرەوچوونى پرۆسەى ئاشتەوایی عەرەبەکان لەگەڵی خاودەکاتەوە کە ئامانجی سەرەکی و ستراتیژییانە، لە لایەک و لە لایەکی تریشەوە ئاڵۆزییان بۆ دروستدەکات لەگەڵ تورکیا و بەشێوەیەکی کاتى کاریگەریی لەسەر ئابوریی ناوخۆییان دەبێت.
پاساوەکانى هێرش:
بەگوێرەى سەرچاوەکان بۆ بەرەوپێشچوونى پەیوەندییەکانى نێوان ئیسرائیل و سوریا لە 5 و 6ـى مانگی کانوونی دووەم شاندێکی هەردوو وڵات لە ئیسرائیل کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی لە بارەى رێوشوێنە ئەمنییەکانى پەیوەست بە هەردوو وڵات گفتوگۆی جدیی بکەن، وەک ئاشکرایە ئەم دانیشتنە بە نێوەندگیریی ئەمریکییەکان بووە و ئەمریکییەکان بە هەردوولایان گوتووە هێشتا سایەو سێبەرى ئەسەد بەسەر دیمەشقەوە ماوە و ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە، ئەوە لەکاتێکدا سێ رۆژ بەر لە هاتنى ساڵی نوێ بەدوور لەچاوى میدیاکان فڕۆکەکانى ئیسرائیل هێرشێکی توندیان کردووەتە سەر ژمارەیەک ئامانج کە تیایدا 13 کەسى تێدا کوژراوە.
لە زایۆنی دوژمنەوە بۆ ئیسرائیلى دراوسێ:
گوتارى سوریا بەرامبەر ئیسرائیلى گۆڕانکاریی گەورەى بەسەردا هاتووە، لەکاتێکدا ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر سوریا ئەحمەد شەرع لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر "تارمایی" ، بەگوێرەى سەرچاوەکانیش لەدواى دەست بەکاربوونى شەرعەوە ئیسرائیل تەنها لە جۆلان 400 هێرشى ئاسمانى و درۆنیی ئەنجامداوە، ئەم نەرمکردنەوەى گوتار و ئاڕاستە نوێیەى شەرع کاریگەریی تەواوى لەسەر وڵاتەکەى دروستکردووە، لە ئێستادا دەستەواژەى – زایۆنی دوژمن – العدو الصهیونی- یان لە میدیاکاندا سڕیوەتەوە، ئەوەش هەنگاوێکی گەورەیە لەو گۆڕانکارییەدا کە هاتووەتە پێشەوە.
مانگی سەر لەئێوارە:
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن دواى چەند هەفتەیەک لە کۆنترۆڵکردنى دیمەشق لە لایەن شەرع و هێزە نەناسراوەکەیەوە، رایگەیاند ئەوان دژایەتى هیچ وڵاتێکی درواسێ ناکەن و رێگەش نادەن وڵاتەکەیان بکرێتە پێگەى هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ، ئەوەش بۆ ئیسرائیل پێشهاتێکی نوێی دڵخۆشکەر بوو لەبەر ئەوەى بەشێکی زۆر لە سنوورەکەى پارێزراو دەبێت لە هێرشى ئەو میلشیایانەى لە ئێران و بەشێک لە وڵاتانى عەرەبییەوە لەدژى ئیسرائیل بەکار دەهێنران.
شەیبانى سەرەداوەکان گرێدەدات:
سەرچاوە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوەدەکەن ئەسعەد شەیبانى وەزیری دەرەوەى سوریا چەندین جار بە نهێنى و ئاشکرا چووەتە ئیسرائیل و لەگەڵ گەورە بەرپرسان گفتوگۆی ئەنجامداوە، لە پاریسیش لەگەڵ یەحیئێل لیتر کە باڵیۆزی ئیسرائیل لە فەرەنسا کۆبووەتەوە کە ئێستا بەربژێرە بۆ ئەوەى ببێتە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی مۆساد.
درۆزەکان و تورکیاى دۆست:
هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر سوریا لە دواى کەوتنى بەشار ئەسەدەوە لە کانوونی یەکەمی 2024 هەر جارەى پارساوێکی هەبووە، لەوانەش بوونى هێزى تیرۆرستى و جیهادیی و بوونى میلشیاى ئێرانى، ئامانجیش پاراستنی سنوورەکانى خۆی بووە، لەبەرامبەردا بوون و مانەوەى هێزەکانى تورکیا لەو وڵاتەدا بەهێزترکردووە، ئەوە لە لایەک لە لایەکی تریشەوە کار گەیشتە ئەوەى لە هاوینى 2025 دا ئیسرائیل بە ئاشکرا دەستێوەردان بکات و پشتیوانى لە دۆزەکان بکات و ئەوەش ببێتە دەروازەیەک بۆ ئەوەى نەیارە عەرەبییەکانى شەرع دەمیان بکرێتەوە و هێرشی توندی بکەنە سەر، بەڵام دواجار ستراتیژیەتى ئیسرائیل سەپێنرا و پارێزگاریی تەواوی درۆزەکان چووە بواری جێبەجێکردنەوە و درۆزییەکان لە لایەن ئیسرائیلەوە چەکدارکراون و حکومەتیش هیچ هەڵوێستێکی نیگەرانى پێوەدەیار نییە.
هەنگاوێک بەرەو ئیسرائیلى گەورە:
ستراتیژیەتى دوو مەوداى ئیسرائیل لەناوچەکەدا بۆ نزیکبوونەوەی زیاترە لە دورستکردنى ئیسرائیلى گەورە کە لە رۆژئاواى فوراتەوە درێژدەبێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی نیل، بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئەحمەد شەرعی کۆنە داعش و قاعیدە لەکوێی ئەم ستراتیژەیەتە گەورەو مێژووییەى ئیسرائیل دایە؟ ئەوەى کە هەمووان کۆکن لەسەرى ئەوەیە کە ئێستا شەرع لەنێو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتیەکەى دژ بە ئێران و هەژموونەکانیدایە لە ناوچەکەدا و بازنە هیلالییەکەى شیعەکانى بۆشایی تێکردووە.
رێککەوتنى ئیبراهیمی یەکێکە لە بازنەکان:
وەک سەرچاوەکان ئاماژەى پێدەکەن واشنتن جۆرە نیگەرانى و دڵەڕواکێیەک هەیەو تا سوریا نەچێتە نێو رێککەوتنى ئیبراهیمی و بەتەوواوی لەگەڵ ئیسرائیل هاوهەڵوێست نەبێت دڵیان ئاو ناخواتەوە و دەستى ئاسایش ناخەنە ژێر سەرى خۆیان، بەڵام ئەوەى گرنگە ئەوەیە کە سوریا لە ئێستادا دۆستە و لەبەرەى دوژمن (ئێران و هاوپەیمانەکانى) هێنراوەتە دەرەوە. لەلایەکی ترەوە ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانى نێوان ئیسرائیل و تورکیا بۆ ئەمریکییەکان جێگەى نیگەرانیی و دڵەڕاوکییەو بە پێویستى دەزانن ئەوانیش بخەنە سەر مێزێکی رێککەوتن و ئەو سنوورەى ئیسرائیل و هەردوو هاوپەیمانى ئەمریکا بە ئارامیی بژین و سوریا نەکەنە گۆڕەپانى ململانێکانیان.
قودسى بێچەک چاوەکان دوور دەخاتەوە:
سەبارەت بە قودسیش(کە کلیلى ناکۆکییەکانى ناوچەکە و دەستێوەردانى دەرەکییە) ئەمریکا و ئیسرائیلیش پێیان وایە ببێتە ناوچەیەکى لەچەک داماڵراوى هاوبەش و ئەگەر ئیسرائیل لەو ستراتیژییەدا سەرکەوتوو بێت ئەوا نەک هەر سوریا بەڵکو وڵاتانى تری عەرەبی و ئیسلامیش واداری رێککەوتن نامەى ئیبراهیمی دەکات و بەوەش شەقاوێکی تر لە نەخشەى ئیسرائیلى گەورە دەچێتە پێشەوە.