هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری خەرجنەکردنی مووچەی مانگی شوباتی بەشێک لە خانەنشینانی سەربازی لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئاشکرا دەکات و دڵنیاییش دەدات کە دوای پەسەندکردنی بودجەی عێراق تەواوی مووچە فەوتاوەکانیان بەسەریەکەوە بۆ دەگەڕێندرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ـی 3ـی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە کە زیادکردنی ناوی فەرمانبەر یان خانەنشین لە لیستی مووچەی مانگانە پەیوەندی بەوانەوە نییە، بەڵکوو ئەو ڕێکارە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە وەزارەت و یەکە ژمێریارییەکانی دەرەوەی وەزارەتی داراییەوە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە کە ئەو خانەنشینانەی ناویان لە لیستی مووچەی مانگی شوباتدا نییە ژمارەیان 801 کەسە و سەرجەمیان کەمئەندامی سەنگەرن، کە پێشتر لەسەر هێزەکانی 70 مووچەیان بۆ خەرج کراوە و دواتر لە چوارچێوەی بڕیاری گواستنەوەی دۆسیەکانیان بۆ وەزارەتی دارایی، بەهۆی تەواونەبوون و پەسەندنەکردنی مامەڵەکانیانەوە نەتوانراوە لە مانگی شوباتدا داخڵی لیستی مووچە بکرێنەوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لەو کاتەی لیستی مووچە و دۆسیەکانیان گەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی پێشمەرگە لە وەزارەتی دارایی، لیستی مووچەی مانگی شوبات لە بەغدا بووە، هەروەها لە کاتی وردبینیشدا دەرکەوتووە کە بەشێکی زۆریان کۆدی (UPN)یان نەبووە و بەشێکیشیان وارسن و مامەڵەی یاسایی وارسیان بۆ تەواو نەکراوە.
دوای ئەنجامدانی وردبینیی ورد لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە، دۆسیەی 750 خانەنشینیان پەسەند کراوە و لە لیستی مووچەی مانگی ئازاردا لە سیستەمی پەیڕۆڵ داخڵ کراونەتەوە و مووچەیان بۆ بەستراوەتەوە، لە کاتێکدا هەر مووچەخۆرێک ئەو کۆدەی نەبێت بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت داخڵی سیستەمی پەیڕۆڵ بکرێت کە لە ئێستادا بۆ لیستی مووچە پشت بەو سیستەمە دەبەسترێت.
سەبارەت بە شایستەی مووچەی سەرجەم ئەو خانەنشینانەشی کە لە چەند مانگی ڕابردوودا مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە خەرج نەکراوە، وەزارەتی دارایی عێراق دڵنیایی داوە کە ئەو مووچانە وەک شایستەیەکی دارایی دەمێننەوە تا کاتی پەسەندکردنی بودجە و دواتر هەمووی بەسەریەکەوە خەرج دەکرێتەوە، چونکە لە ئێستادا تەنیا کار بە خەرجکردنی یەک لەسەر دوازدەی ساڵی ڕابردوو دەکرێت.