هەرێم نیوز
سایلۆی هەولێر ئەو جووتیارانە ئاگادار دەکاتەوە کە پارەی ساڵی ٢٠١٥ـیان وەرنەگرتووە سەردانیان بکەن و بەڕێوەبەری سایلۆکەش دەڵێت، بەغدا پارەکەی خەرج کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی ١ی ٢٠٢٦، سایلۆی هەولێر لە ئاگادارییەکدا داوای لەو جووتیارانە کرد کە پارە و چەکی ساڵی ٢٠١٥ـیان وەرنەگرتووە، بە زووترین کات لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی ١ تاوەکو ١٠ی ٢ سەردانی سایلۆی هەولێر بکەن.
بەگوێرەی ئاگادارییەکە، دەبێت جووتیاران لە کاتژمێر ٩ی بەیانی بۆ ١ی دوای نیوەڕۆ سەردان بکەن و "ئەو بەڵگەنامانە پێشکەش بکەن کە دەیسەلمێنێت چەکیان وەرنەگرتووە، یاخود ئەو چەکەی وەریانگرتووە و بۆیان خەرج نەکراوە، لەگەڵ خۆیان بیهێنن."
لای خۆیەوە میران محەمەد، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر ڕایگەیاندووە: "دوای لێکۆڵینەوەی ورد و ناردنی نووسراو بۆ بەغدا، لیژنەیەک پێکهێنرا و بڕیاری خەرجکردنی پارەی ئەو جووتیارانە درا."
بەڕێوەبەری سایلۆ ئاماژەی بەوەش داوە، دوای پێشکەشکردنی بەڵگەکان، ناوەکان بۆ بانک دەنێرن و پارەکە وەردەگرن.