هەرێم نیوز
نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا پەیامێکی توند بڵاو دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەرکی سەرەکیی هەسەدە کۆتایی هاتووە و واشنتۆن پشتگیریی فیدڕاڵی ناکات، دەشڵێت دەبێت دیمەشق کۆنترۆڵی سنوور و زیندانەکان بگرێتەوە دەست.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی ١ی ٢٠٢٦، تۆم باراک، نێردەی ئەمەریکا بۆ سووریا لە لێدوانێکدا هەڵوێستی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد و وتی: "گەورەترین دەرفەت بۆ کوردەکان لە ئێستادا لە سایەی حکوومەتە نوێیەکەدا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع دایە."
تۆم باراک بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە: "ئامانجی هەسەدە وەک هێزێکی سەرەکی بۆ شەڕی داعش لەسەر زەوی کۆتایی پێ هاتووە." جەختیشی کردووەتەوە کە لەپێشینەی کارەکانیان بەهێزکردنی یەکڕیزیی سووریایە "بەبێ پشتگیریکردنی ڕەوتی جوداخوازی یان فیدڕاڵیەت."
نێردەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش داوە کە بە چڕی پەیوەندییان بە هەسەدە و حکوومەتەوە کردووە بۆ ڕێککەوتنێک کە تێیدا:
شەڕڤانانی هەسەدە لەناو سوپای نیشتمانیدا تێکەڵ دەکرێن.
دەبێت دیمەشق ژێرخانە سەرەکییەکان، دەروازە سنوورییەکان و زیندانەکان وەربگرێتەوە.
سەبارەت بە مافی کورد، ناوبراو بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ڕێککەوتنەکە "مافێک بۆ کوردەکان دەستەبەر دەکات کە زۆر لەو حوکمە خۆجێییە (ئۆتۆنۆمییە) سنووردارە زیاترە کە لە کاتی شەڕی ناوخۆدا هەیانبوو."