هەرێم نیوز
ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، هێرشێکی توندی کردە سەر ئەحمەد شەرع (جۆلانی) و حکومەتە نوێیەکەی لە سووریا، ڕایگەیاند کە ئەوەی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ڕوویدا، "کۆمەڵکوژی و پاکتاوی ڕەگەزی" بووە دژی کورد.
"بکوژانی دوێنێ، پاڵەوانانی ئەمڕۆن"
بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری ئاماژەی بەوە کرد، ئەو دروشمانەی باس لە ڕێزگرتن لە کورد دەکەن تەنیا بۆ چەواشەکاریی ڕای گشتییە.
وتیشی: "ئەو هێزانەی پێشتر لە ناوچەکانی کەناراوەکان کۆمەڵکوژییان ئەنجام دا، ئێستا بە پشتیوانیی نێودەوڵەتی و کەسانی وەک تۆم باراک، دەیانەوێت مێژووی خوێناوی لە حەلەب دووبارە بکەنەوە و کورد پاکتاو بکەن."
ڕامی عەبدولڕەحمان ڕەخنەی لەو لایەنانە گرت کە ئەحمەد شەرع وەک پاڵەوان پێشان دەدەن و ڕایگەیاند: "ئەو کەسەی دۆناڵد ترەمپ و هەندێک وڵاتی دیکە وەک پاڵەوان دەیناسێنن، هێزەکانی لە چەکدارانی ئۆزبەک و چیچان پێکهاتوون و هەڵگری هەمان بیرکردنەوەی داعشن."
بەڕێوەبەری ڕوانگەکە داوای لە ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات کرد، کە ڕێگە نەدەن هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتێک واژۆ بکرێت کە ناسنامەی نەتەوەیی کورد ڕەت دەکاتەوە و دەستی بە خوێنی مەدەنییەکان سوورە.
جەختیشی کردەوە کە پێویستە داوای لێپرسینەوە لەو لایەنە نێودەوڵەتییانە بکرێت کە پشتیوانی لە "بکوژانی کورد" دەکەن.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، یەکێکە لە باوەڕپێکراوترین سەرچاوەکان بۆ گواستنەوەی پێشێلکارییەکانی ناوخۆی سووریا. ئەم لێدوانە توندەی ڕامی عەبدولڕەحمان لە کاتێکدایە کە دوای کشانەوەی هەسەدە لە حەلەب، ترسێکی زۆر لەسەر چارەنووسی ئەو کوردانە دروست بووە کە لە شارەکەدا ماونەتەوە. ئاماژەدان بە "تۆم باراک" (کە یەکێکە لە کەسە نزیکەکانی ترەمپ) نیشانەی گومانە لە سیاسەتی نوێی ئەمریکا بەرانبەر دۆزی کورد لە سووریا و نزیکبوونەوەی واشنتن لە گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان.