هەرێم نیوز
هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایدەگەیەنێت، سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، سوپای سووریا پابەند نەبووە و لە شەوی ڕابردووەوە زنجیرەیەک هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانیان و بەهۆیەوە ژنێک شەهید بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی ١ی ٢٠٢٦، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشکرای کرد، ئاگربەستەکە لە کاتژمێر ٨:٠٠ی ئێوارەی دوێنێ سێشەممە دەستی پێ کردووە، بەڵام تەنها ١٠ خولەک دواتر سوپای سووریا پێشێلی کردووە.
وردەکاریی پێشێلکارییەکان بەگوێرەی هەسەدە:
شەوی ڕابردوو (٨:١٠): سوپای سووریا بۆ ماوەی کاتژمێرێک تۆپبارانی شارۆچکەی زرگانی لە باکووری حەسەکە کردووە.
شەوی ڕابردوو (٨:٢٠): بە چەکی قورس هێرش کراوەتە سەر گوندی تل بارود لە باشووری حەسەکە.
ئەمڕۆ (١١:٣٠ی پێشنیوەڕۆ): هێرش کراوەتە سەر دەوروبەری شارۆچکەی سرین و هەسەدە بەرپەرچی داوەتەوە.
ئەمڕۆ (١١:٤٥ی پێشنیوەڕۆ): ڕەتڵێکی سوپا لە گوندی باسل لە باشووری حەسەکە هێرشیان کردووە.
ئەمڕۆ (٢:١٠ی پاشنیوەڕۆ): هێرشێکی دیکە کراوەتە سەر سرین لە باشووری کۆبانێ.
هەسەدە ئاماژەی بەوەش داوە، لە مەترسیدارترین پێشێلکاریدا لە کاتژمێر ٢:٤٥ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، سوپای سووریا بە چەکی قورس گوندی حەمدونی لە باشووری کۆبانێ تۆپباران کردووە و "بەو هۆیەوە ژنێک شەهید بووە."
لە کۆتاییدا هەسەدە جەختی لە پابەندبوونی خۆیان بە ئاگربەست کردووەتەوە، بەڵام داوا لە لایەنە زامنکارەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و ڕێگری لەم پێشێلکارییانە بکەن.