دواین هەواڵ

ئابوری‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

گوتەبێژی حکوومەت: داوای حەوت مووچەی فەوتاو لە حکوومەتی فیدراڵی دەکەین

هەرێم نیوز

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی نوێدا ڕەخنەی توندی ئاراستەی حکومەتی فیدراڵ کرد و ڕایگەیاند کە بەغدا شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی پێشێل کردووە.

گوتەبێژی حکومەت ئەمڕۆ چوارشەممە (١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦) ڕایگەیاند: "حکومەتی فیدراڵیی عێراق حەوت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کورستانی خواردووە و سەرەڕای هەموو پابەندییەکانی هەرێم، شایستە داراییەکانی ڕەوانە نەکردووە." وتیشی، ئەوەی بەرانبەر مووچەخۆران کراوە، زەوتکردنی ئاشکرای مافە یاساییەکانیانە.

پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوە کرد، کە وەرگرتنی ١٢٠ ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ لەلایەن بەغداوە، زۆر زیاترە لەو ڕێژەیەی کە وەک نیوەی داهات دیاری کراوە. ئەمەش وای کردووە حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، دەستکاریی بودجەی وەزارەتەکان و پڕۆژەکان بکات و لێیان کەم بکاتەوە.

لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتوو، گوتەبێژی حکومەت ئاشکرای کرد: "لە ئێستادا ئامادەکاری دەکەین تاوەکو لەگەڵ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، بە فەرمی داوای پشکی تەواوەتیی هەرێمی کوردستان لە بودجە بکەین و کۆتایی بەم کێشە داراییانە بهێنین." 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP