هەرێم نیوز
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبوونەوەدایە و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران ئیمزایان کۆکردووەتەوە بۆ داوای میوانداریکردنی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق.
ئەم داواکارییە بە مەبەستی گفتوگۆکردنە لەسەر چەند تێبینییەکی دارایی تایبەت بە تەرخانکراوەکان و دامەزراندن و شێوازی تەمویلکردنی پارێزگاکان و هەرێمی کوردستان.
ئەو پەرلەمانتارانەی ئیمزایان لەسەر نووسراوەکە کردووە داوا دەکەن لەسەر بنەمای ماددەی 61ی دەستوور لێپرسینەوە لەو کارانە بکرێت کە وەک "سەرپێچی و لادانی مەترسیدار"ی وەزیری دارایی ناویان بردووە.
تێبینییەکان زیاتر پەیوەستن بە شێوازی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵ لە ساڵانی دواییدا.
دیارترین ئەو خاڵانەی پەرلەمانتاران دەیانەوێت وەزیری دارایی لەسەریان بدوێنرێت بریتین لە پابەندنەبوون بە دابەشکردنی دادپەروەرانەی بودجەی پارێزگاکان و تێبینییەکانی دیوانی چاودێری دارایی لەسەر کەمبوونەوەی داهاتی گومرگەکان.
هەروەها تۆمەتی بڕینی سنووری یاسایی دامەزراندن لە ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 خراوەتە پاڵ وەزیرەکە.
بەشێکی دیکەی داواکارییەکە پەیوەستە بە میکانیزمەکانی تەمویلکردنی هەرێمی کوردستان کە پەرلەمانتاران دەڵێن لە دەرەوەی مەرجە یاساییەکان ئەنجامدراوە.
هاوکات باس لە پەکخستنی تەمویلی دەروازە سنوورییەکان دەکرێت کە زیانی بە داهاتی گشتی گەیاندووە وەک سەرچاوەیەکی سیادی گرنگ.
بڕیارە سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەم داواکارییە ئاراستەی لیژنە تایبەتمەندەکان بکات بۆ دیاریکردنی وادەی بانگهێشتکردنی تەیف سامی.
ئەم هەوڵە لە کاتێکدایە کە ئەم خولەی پەرلەمان متمانەی بە وەزیری دارایی نەداوە تا بتوانێت لێی وەربگرێتەوە و عێراقیش لە سەروبەندی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێدایە.