دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

هەسەدە: زیندانی شەدادی لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا نەما

هەرێم نیوز

هێزەکانی سووریای دیموکرات بە فەرمی ڕایدەگەیەنێت کە کۆنترۆڵی زیندانی شەدادیەی لەدەست داوە کە هەزاران چەکداری داعشی تێدایە، هۆکارەکەشی بۆ هێرشی هێزەکانی دیمەشق و بێدەنگیی هاوپەیمانان دەگەڕێنێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی ١ی ٢٠٢٦، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە بەیاننامەیەکدا بۆ ڕای گشتی ئاشکرای کرد، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە "چەکدارانی سەر بە دیمەشق" چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر زیندانی شەدادیە.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، سەرەڕای ئەوەی هەسەدە بەرپەرچی هێرشەکانی داوەتەوە و دەیان "شەهید و بریندار"ی داوە، بەڵام دواجار کۆنترۆڵی زیندانەکەی لەدەست داوە.

هەسەدە نیگەرانیی توندی بەرانبەر هاوپەیمانان دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە: "سەرەڕای ئەوەی بنکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تەنیا دوو کیلۆمەتر لە زیندانەکەوە دوورە و چەندین جار داوای دەستوەردانمان کردووە، بەڵام دەستوەردانیان نەکرد."

دەقی راگەیەندراوەکە:

بەیاننامەیەک بۆ ڕای گشتی سەبارەت بە بارودۆخی ئەم دواییەی زیندانی ئەلشەدادی

لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە بەندیخانەی ئەلشەدادی کە هەزاران تیرۆریستی داعشی تێدایە، چەندین جار لەلایەن کوتلەکانی دیمەشقەوە هێرشی کراوەتە سەر.

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەم هێرشانەیان بەرپەرچ داوەتەوە و چەندین جار شکاندنیان کردووە و لە ڕێگریکردن لە کارەساتی ئەمنی تووشی دەیان شەهید و بریندار بوون.

هەرچەندە بەندیخانەی ئەلشەدادی تەنها نزیکەی دوو کیلۆمەتر لە بنکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەو ناوچەیە دوورە، بەڵام سەرباری چەندین جار داوای دەستوەردان لەو بنکەیەدا دەستوەردانی نەکردووە.

لێرەوە ڕای گشتی ئاگادار دەکەینەوە کە لە ئێستادا زیندانی ئەلشەدادی لەدەرەوەی کۆنترۆڵی هێزەکانمانە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی SDF
١٩ی ژانویەی ٢٠٢٦



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP