دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

چەمچەماڵ؛ 200 هەزار لیتر نەوت بە شێوەی بێبەرامبەر بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە دابینکرا

هەرێم نیوز 

حكومەتی عێراق ڕەزامەندا لە سەر دابینیكردنی 200 هەزار لیتر نەوت بە شێوەی بێبەرامبەر بۆ قەزای چەمچەماڵ و بەسەر دو هەزار خێزاندا دابەش دەكرێت كە بەهۆی لافاوەكەی سەرەتای ئەم مانگەوە زیانیان لێكەوت.

دیلان غەفور، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە نوسراوێكی فەرمی كە 14ـی ئەم مانگە ئاراستەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی كردوە و تێدا دەڵێت، "داواکارین كە ڕێنمایی بەپەلە بۆ وەزارەتی نەوت دەربكەن، بەمەبەستی دابینکردنی بڕی پێویست نەوتی سپی بۆ قەزای چەمچەماڵ و دابەشکردنی بێبەرامبەر بەسەر خێزانە زیانلێکەوتوەکاندا".

بەگوێرەی نوسراوەكە، سودانی كە ڕۆژی 18ـی ئەم مانگە ڕەزامەندی داوە لەسەر بە پێدانی 100 لیتر نەوتی سپی بە بێبەرامبەر بۆ دو هەزار خێزانی سنوری قەزای چەمچەماڵ کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتوە. بەگوێرەی داواكارییەكە بەشێوەیەكی خێرا دەگەیەندرێتە ئەو خێزانانەی كە لە ڕوداوی لافاوەكەدا زیانیان بەركەوت.

دیلان غەفور، لە ڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ شەممە بڵاویكردوەتەوە دەڵێت، "لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پەیوەندیی بەردەوامداین تا بە زوترین كات نەوتەکە بگەیەنینە دەست ئیدارەی قەزاکە، بە مەبەستی دابەشکردنی".

ئەمەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی 9ـی ئەم مانگە شەپۆلێكی بارانبارین هەرێمی كوردستانی گرتەوە و بەهۆیەوە لافاو لە چەند ناوچەیەك دروستبو كە بوە هۆی گیانلەدەستدانی پێنج كەس و زیاتر لە دو هەزار و 600 ماڵیش زیانیان بەركەوت كە زۆربەی زیانەكانی لە چەمچەماڵ و دەروبەری بون. ئەوەش بەگوێرەی ئامارەكانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی حكومەتی هەرێم.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP