هەرێم نیوز
میلیشیاکانی سەر بە دەسەڵاتەکەی ئەحمەد شەرع، چەند گوندێکیان لە باشووری کۆبانی تۆپباران کرد و هەسەدە دەڵێت هێزەکانی حکومەتی سوریا چەکی قورسیان بۆ هێرشکردنە سەریان بەکارهێناوە و بەرپرسیارییەتی هەر کاردانەیەوەکیش دەخاتە ئەستۆی دیمەشق.
ئەمڕۆ سێشەممە، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات بڵاویکردەوە، گروپەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا هەردوو گوندی حەجی حسێن و شێخ مەحشی و بەرزاییەکانی سیریاتیلیان لە دەوروبەری بەنداوی تشرین تۆپباران کرد کە دەکەونە باشووری شاری کۆبانێوە.
هێزەکانی سووریای دیموکرات هۆشدارییان دا لە مەترسیداریی دەرەنجامەکانی ئەو پەلامارانە و بەرپرسیارێتییەکەشیان خستە ئەستۆی حکومەتی کاتیی سوریا کە ئەحمەد شەرع سەرۆکایەتی دەکات.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕوونیکردەوە کە ئەم زیادبوونی گرژییە بە مەترسیدار دادەنرێت و حکومەتی کاتی بە تەواوی بەرپرسیار دەزانێت لەم دۆخەدا، چونکە ئەمە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی، هەروەها مەترسییەکی گەورەشە بۆ سەر ژێرخانە گرنگەکان، بە تایبەتیش دامەزراوەکانی بەنداوی تشرین و دەوروبەری.