هەرێم نیوز
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، کەسانێک بەناور کەمپینی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ شەقامە گشتییەکان دەگرن، هۆشداری دەدەینە هاوڵاتیان بە هیچ شێوەیەک بەشداری لەو جۆرە كەمپینانە نەكەن، کە دڵنیانین لە گەیاندن و گەیشتنی کۆمەک و هاوکارییەکانیان.
نووسینگەی ئومێد خۆشناو دەڵێت: دوای ئەوەی لە رۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بارانێكی بەخوڕ هەرێمی کوردستانی گرتەوە و بەهۆیەوە لە قەزایی چەمچەماڵ و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و چەند ناوچەیەكی تری سنوورەكە لافاو دروستبوو، بەداخەوە جگە لە زیانێکی زۆری مادی چەند كەسێكیش گیانیان لەدەستدا، بە سوپاسەوە وەك هەمیشە شاری هەولێر و خەڵكەكەی بۆ هاوخەمی و گەیاندنی هاوکاری و كۆمەك کۆكردنەوە بۆ زیانلێکەوتووان ژمارە یەك بوون و چەندین كەمپینی جۆراوجۆ لەلایەن ڕێكخراوە مرۆییەكان و خێرخوازان و خوداپێداوان و ژمارەیەك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندنیش ڕاگەیندرا، ئەوەش ماییەی پێزانینە.
ئاماژە بەوە دەکات: بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانیە، كەسانێك لێرە و لەوێ بەناوی كەمپین و هاوكاریكردنی لێقەوماوان لە سەر شەقامە گشتییەكان ڕادەوەستن و قەرەباڵغیەکی زۆر دروست دەکەن و هاوڵاتیانیان نیگەران كردووە، هەموو لایەك ئاگاداردەكەینەوە ئەو شێوازە بە هیچ شێوەیەك ڕێگە پێدراونیە، ئاسایش و پۆلیسی و پۆلیسی هاتووچۆ دەستكراوەكراون بۆ ئیجرائات وەرگرتن لەگەڵ هەركەسێك ئەو جۆرە كارە ئەنجامبدات، هوشداری دەدەینە هاوڵاتیانیش بە هیچ شێوەیەک بەشداری لەو جۆرە كەمپینانە نەكەن، کە دڵنیانین لە گەیاندن و گەیشتنی کۆمەک و هاوکارییەکانیان.
نوسینگەکە دەشڵێت: هەركەسایەتی و لایەنێك و شوێنێك دەیەوێت كەمپین ڕابگەینێت، لە ڕێگەی پارێزگای هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە داواكاری خۆی پێشكەش دەكات و شوێنی تایبەتی بۆ دیاری دەكرێت بۆ ڕاگەیاندنی كەمپین و كۆمەك كۆكردنەوە، نەك بەناوی كۆمەك و هاوكاری زیانلێکەوتووان و لێقەوماوان شەقامی گشتیی و ڕێگای هاتووچۆی هاوڵاتییان دابخەن و ناڕەحەتی و نیگەرانیان بکەن.