هەرێم نیوز
شارەزایەکی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات: لە سێشەممەوە هەوایەکی وشک و سارد روو لە هەرێم دەکات. دەشڵێت بەگشتی تا کۆتایەکانی ئەم
مانگە پێشبینی هاتنی شەپۆلی گشتگیری بەفر و بارانبارین بۆ ناوچەکانمان ناکرێت و کەشوهەوا بەزۆری بەسەقامگیری دەمێنێتەوە.
کەشناس، ئاراس جەبار رایگەیاندووە،
لە ئێوارەی رۆژی سێشەممەوە لە ئەنجامی کاریگەری بەرزەپاڵەپەستۆی سیبیریا لەسەر ناوچەکانمان هەوایەکی وشک و سارد بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. بەتایبەت سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین و ناوچە سنورییەکانی ئیدارەی سۆران. ئەمەش دەبێتە هۆی چالاکبوونی بای باکوری رۆژهەڵات بەخێرای 15 تا 35کم زیاتر لە کاتژمێرێکدا.
دەشڵێت، هاوکات هەر لە ئێوارەی سێشەممەوە شەپۆلێکی لاوازی بەفر بارین ناوچەکانی باکوری خۆرئاوای ئێران دەگرێتەوە، بەلاوازی کاریگەری لەسەر ناوچە شاخاوییە سنورییەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم دەبێت و ئەگەری کڕێوە بەفر لە سنوری حاجی ئۆمەران و قەزای چۆمان و سیدەکان و پشدەر و پێنجوێن و بەگشتی ناوچە شاخاوییە سنوریەکان دەبێت، تا ئێوارەی چوارشەممە 17/12/2025 بەردەوامی دەبێت.
روونیشی دەکاتەوە: کاریگەری وشکە سەرما و باکە لەسەر ئەو ناوچانە تا رۆژی شەممە 20/12/2025 بەردەوامی دەبێت و، بەدرێژای ئەو ماوەیە کەشێکی سارد لەو ناوچانەدا هەستی پێدەکرێت و شەوان پلەکانی گەرما لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ نزیک سفر پلە نزمدەبنەوە، لە ناوچە شاخاوییە سنوری و بەرزەکانیش چەند پلەیەک دەچنە ژێر سفرەوە.
سەبارەت بە رۆژی دووشەممەش دەڵێت، شەپۆلێکی بەهێزی تەرزە و باران و بروسکە لە دەریای سوورەوە ناوچە جیاجیاکانی باکوری رۆژهەڵاتی سعودیە و ناوچەکانی کەنداو و باشوری ئێران دەگرێتەوە و تا هەفتەی داهاتوو بەردەوامی دەبێت و پێشبینی دەکرێت لە شوێن و ناوچەی جیاجیادا لافاوی گەورە دروست بێت و کارەساتی لێبکەوێتەوە.
باسی لەوەش کردووە، لە دووسبەی سێشەممە و رۆژی چوارشەممەش شەپۆلێکی دیکە بەجیا لە دەریای ناوەراستەوە ناوچەکانی رۆژئاوا و باشوری عێراق دەگرێتەوە و بەهەمان شێوە چاوەروانی بارانێکی زۆری لێدەکرێت لەگەڵ دروستبوونی لافاو لە هەندێ شوێندا.
لەبارەی کاریگەری بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەڵێت؛ بەگشتی ئەم شەپۆلانە بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کاریگەریان زۆر لاواز دەبێت و تەنها پێشبینی دەکرێت هەوری مامناوەند بۆ بەرز بگاتە ئاسمانی ناوچەکە و رەنگە لە هەندێک شوێندا نمەبارانێکی کەمی لێ ببارێت.
جەختیشی کردووەتەوە: بەگشتی تا کۆتاییەکانی ئەم
مانگە پێشبینی هاتنی شەپۆلی گشتگیری بەفر و بارانبارین بۆ ناوچەکانمان ناکرێت و کەشوهەوا بەزۆری بەسەقامگیری دەمێنێتەوە لەدوای ئەو وادەیەش پێشبینیەکان دروستنین بەڵام ئەگەر هەیە لەکۆتایەکانی مانگ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو شەپۆلێکی جەمسەری باکوری بگاتە سەر ناوچەکانمان و بەفر و بارانبارین دەستپێبکاتەوە.