هەرێم نیوز
جێگری سەرۆک وەزیران لە چەمچەماڵەوە ڕایگەیاند کە وەک نوێنەری حکومەت لەوێیە و هیچ گلەییەکی لە سەرۆکی حکومەت نییە؛ هاوکات بڕیاری دا بە پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەی چوار بەرپرس و سزادانی بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش بەهۆی کەمتەرخەمییانەوە."
ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی 12ی 2025، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا،لە وەڵامی پرسیارێکدا، قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە کابینەکە یەک حکومەتە و ئەو وەک جێگری سەرۆکی حکوومەت بە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شوێنی ڕووداوەکەیە و هیچ گلەییەکی لە سەرۆکی حکوومەت نییە.
قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاند، لە دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکان و قسەکردن لەگەڵ بەرپرسانی حکوومیی ناوچەکە، پێشنیاز بۆ سزادان و گرتنەبەری ڕێکار بەرانبەر پێنج بەرپرس کرا.
جێگری سەرۆک وەزیران وتیشی: لە کۆی ئەو پێنج کەسە، چواریان هەستیان بە بەرپرسیارێتی و ئازاری خەڵک کردووە و خۆیان داوای بەخشینیان لە پۆستەکانیان کردووە. کە پێکهاتوون لە قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، سەرۆکی شارەوانی چەمچەماڵ، سەرۆکی شارەوانی شۆڕش و بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ.
سەبارەت بە بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش، قوباد تاڵەبانی ڕوونیکردەوە کە ناوبراو ئامادە نەبووە داوای بەخشین بکات، بەڵام بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە کەمتەرخەم بووە، بۆیە ڕێکاری ئیداری بەرانبەر دەگیرێتەبەر و لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە.