هەرێم نیوز
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، وەک ئەرکێکی نیشتمانی و بۆ قەرەبوکردنەوەی بەشێک لە زیانەکانی لافاو، بڕیاریانداوە 500 کتێب پێشکەشی کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ بکەن.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ شەممە، بڵاوکراوەتەوە، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی ئاماژەی بەوە کردووە، دوای ئەوەی شەپۆلی بارانبارین و لافاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو زیانی بە قەزای چەمچەماڵ گەیاند، "کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ"ـیش بێبەش نەبوو لەو زیانانە و بەشێک لە کتێبخانەکە ژێرئاو کەوت.
لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکدا هاتووە: "لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و ڕۆشنبیریمان بەرامبەر بە شاری چەمچەماڵ و خوێنەرانی ئەو دەڤەرە ئازیزە، بڕیارماندا بە بەخشینی 500 کتێب لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ."
بەشی ڕۆشنبیریی پارتی وێڕای دەربڕینی نیگەرانی بۆ زیانەکان، کەمپینێکی ڕاگەیاندووە و داوا لە سەرجەم ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و نووسەرانی کوردستان دەکات، هەریەکە و بەپێی توانای خۆی بەشداری لەم هەڵمەتەدا بکەن بۆ ئەوەی "چرای مەعریفە و کولتوور لەو شارەدا کز نەبێت."