دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

ئاماری قوربانیانی بارانبارینی دوو ڕۆژی ڕابردوو بڵاوکرایەوە

هەرێم نیوز 

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان (JCC) دوایین ئاماری فەرمیی زیانەکانی شەپۆلی بەهێزی بارانبارینی ڕۆژانی 8و 9ی کانونی یەکەمی 2025ی بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ئامارەکە، لەسنوری سلێمانی‌و گەرمیان‌و کەرکوک زیانی گیانی‌و مادی زۆر کەوتوەتەوەو پردی ستراتیژیی‌و ڕێگەی سەرەکی داڕماون.

سلێمانی‌و چەمچەماڵ؛ زۆرترین زیانیان بەرکەوتوە

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ڕۆژی سێشەممە بارانێکی بەلێزمە پارێزگای سلێمانیی گرتوەتەوەو بڕی دابارین گەیشتوەتە (122.7) ملم، ئەمەش بوەتە هۆی ژێرئاوکەوتنی چەندین ماڵ‌و قوتابخانە لەگەڕەکی ڕاپەڕین.

دۆخەکە لەقەزای چەمچەماڵ‌و ناحیەکانی تەکیەو شۆڕش سەختتر بوە، بەجۆرێک لەتەکیە (173.5) ملم باران باریوە، زیانەکان بەمشێوەیەن:

• دوکەس گیانیانلەدەستداوەو 12 کەسیش بریندارن، کەسێکیش بێسەروشوێنە.

• 500 ماڵ لەچەمچەماڵ‌و ژمارەیەک ماڵ لەبازیان‌و سلێمانی زیانیان بەرکەوتوە.

• دەیان ئۆتۆمبێل، 100 دوکان‌و کۆگا، پێنج فەرمانگەی حکومی‌و کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ‌و نەخۆشخانەی شەهید غەریب هەڵەدنی ئاویان تێچوە.

• ڕێگە سەرەکییەکانی (سلێمانی ـ چەمچەماڵ)و (کەرکوک ـ چەمچەماڵ) داخراون.

• تۆڕەکانی کارەباو ئینتەرنێت پچڕاون.

گەرمیان؛ لافاو ڕێگەکان‌و پڕۆژە ئاوییەکانی وێرانکردوە

لەئیدارەی گەرمیان، بارانبارینی دوای نیوەڕۆی سێشەممە (76.6) ملم بوەتە هۆی لافاوێکی گەورە لەکەلارو ڕزگاری.

• ڕێگەی سەرەکیی نێوان کەلار ـ ڕزگاری‌و ڕێگەکانی دەرەوەی گەرمیان داخراون.

• بەشێکی پڕۆژەی ئاودێری سەلام (شادەماری ژیانی گەرمیان) لەهەوارە سورە بەتەواوی ئاو بردویەتی.

• پردی نێوان کفری‌و ڕزگاری لەناحیەی سەرقەڵا ڕوخاوە.

• زیان بەپڕۆژەکانی ماسی، خانوی پلاستیکی، مەڕوماڵات‌و سندوقی هەنگ کەوتوە.

کەرکوک؛ پردی داقوق داڕما‌و هاتوچۆی بەغدا پچڕا

لەپارێزگای کەرکوک زیانەکان کاریگەرن:

• پردێکی ستراتیژیی لەقەزای داقوق داڕماوە، بەمەش هاتوچۆی نێوان کەرکوک‌و بەغدا پچڕاوە.

• منداڵێکی تەمەن حه‌وت ساڵ لەگوندی فرقانی خنکاوە.

• لەگوندی بەیانلوو پردێک ئاو بردویەتی‌و ڕێگەی کەرکوک ـ لەیلان داخراوە.

هەولێر؛ برینداربونی پێشمەرگەو ڕاگرتنی پڕۆژەکانی ئاو

لەهەولێر زیانەکان کەمتربون، بەڵام کاریگەرییان هەبوە:

• بەهۆی هەورەبروسکەوە شه‌ش پێشمەرگە لەسنوری بالیسان برینداربون.

• لەگوندی قەریتاغ ئاو چوەتە ناو شه‌ش ماڵەوە.

• بەهۆی لێڵبونی ئاوەوە، پڕۆژەکانی ئاو لەسەر زێی گەورە بۆ ماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێر ڕاگیراون‌و داوا لەهاوڵاتییان کراوە دەست بەئاوەوە بگرن.

هەڵەبجە، ڕاپەڕین، سۆران‌و دهۆک

هەڵەبجە: بڕی 92.5 ملم باران باریوە، ده‌وام ڕاگیراوه‌و ئاستی ئاوی سیروانیش بەرزبوەتەوە.

ڕاپەڕین: ئاستی ئاوی زێی بچوک بەرزبوەتەوەو سێ ماڵ لەحاجی ئاوا زیانیان بەرکەوتوە، دەروازەی کێلێ بەهۆی بەفرەوە داخراوە.

سۆران: بەفرێکی زۆر لەناوچە شاخاوییەکان باریوە، لەسیدەکان‌و چۆمان بەهۆی داڕمانی زەوی‌و بەردەوە، زیان بەچەند خانویەک گەیشتوە.

دهۆک‌و زاخۆ: بارانبارین مامناوەند بوە، تەنها لەزاخۆ ئاستی ئاوی خابور بەرزبوەتەوەو لەگوندی کانی ڕەهال ڕێگەیەک ڕۆچوە.

ناوەندی JCC جه‌ختیكردوه‌ته‌وه‌، تیمەکانی فریاگوزاری، لەسەرجەم ناوچەکان، بۆ بەهاناوەچونی هاوڵاتییان، لەئامادەباشیدان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP