دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

سوپای توركیاو گروپە چەكدارەكانی دیمەشق هێزیان رەوانەی ناوچە سنورییەكانی هەسەدە کرد

هەرێم نیوز

بە گوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانیەكانی میدیاكانی نزیك لە دەسەڵاتی سوریاو میدیاكانی توركیا، چالاکییە سەربازییە زەمینیەکان لە سوریا لە چەند رۆژی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.

بەپێی زانیارییەکان، چەند کاروانی سەربازی هێزە چەکدارەکانی تورکیا لە سێ ڕێگای جیاوازەوە چوونەتە ناو سوریاوە کە بریتین: لە عەفرین، سەرێكانی و باکوری حەلەب، بە گوێرەی هەندێك لەو گرتە ڤیدیۆییانەشی كە تۆڕە كۆمەڵایەیتەكان بڵاوكراونەتەوە، کاروانە سەربازییەکانی تورکیا بەرەو منبج پێشڕەویان كردووە، كە خاڵی بەریەككەوتنی چەكدارە سەربە دەسەڵاتی دیمشق و هێزەكانی سوریای دیموكراتە.

میدیاكانی توركیا لەزاری سەرچاوه خۆجێیەکانەوە باسیان لەوه کردووه، کاروانێکی هێزه چه کدارەکانی تورکیا له درەنگانی شەو له دەروازەی دێر بلوت سنوریی و کاروانێکی دیکەش له دەروازەی ئەدفانیەوه چووەته ناو سوریا، بەپێی زانیارییەکان ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە باکوری حەلەب و دەوروبەری مەنبەج چڕبوونەتەوە.

هاوتەریب لەگەڵ لەشكركێشی زەمینی تورکیا، چەكدارەكانی حکومەتی سوریاش دەستیان بە رەوانەكردنی هێزی سەربازی کردووە بۆ رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، بەپێی زانیارییەکان، هێزی نوێ رەوانەی ناوچەی دێرزور کراوە، لەوانەش جێگیرکردنی تۆپخانەو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ئەم هێزانەش بە پلەی سەرەكی لە چەكدارەكانی فیرقەی (٨٦) پێکدێن و ئاراستە دەکرێن بۆ شوێنە جیاوازەکانی رۆژئاوای گوندەوارەكانی دیرەزور، كە لەلایەن ئەحمەد هایس (ئەبو حاتم شەقرا)وە سەرپەرشتی دەكرێت، كە یەكێكە لەو كەسانەی لەلایەن وڵاتانی خۆرئاواوە بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ سزای بەسەردا سەپێنراوەو چەندین تاوانی دژ بە كوردو هاوڵاتیانی ناوچەكانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامداوەو یەكێكە لە فەرماندە نزیكەكانی توركیا.

هاوکات، ئەبو عومەر ئیدلیبی، فەرماندەی لیوای باکووری هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) سەبارەت چوونى هێزێکى تورکیا رایگەیاند، هیچ هێزێکی نائاسایی زیادە نەنێردراوە بۆ دێرەزوور یان سێرێ کانیێ، دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و هێزەکانی سەر زەوی ئەرکە ئاساییەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری جێبەجێ دەکەن.

زۆربەی ئەو هەواڵانەی کە بڵاودەکرێنەوە دەکەونە چوارچێوەی "شەڕی میدیایی"

دەستپێكردنی ئەو جموجۆڵە سەربازییانە لەكاتێكدایە، هەڵمەتێكی فراوان لە میدیاكانی نزیك لە دەسەلاتی دیمەشق دژی كوردو هێزەكانی سوریای دیموكرات دەستیپێكردووەو بەوە تۆمەتباریان دەكەن گوایە خۆیان لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی ١٠ ئازار دەدزنەوەو ئەگەر تا كۆتایی ئەمساڵ رێككەوتنە جێبەجێنەكەن، ئەوا حكومەتی دیمەشق بە پاڵپشتی توركیا هێرش دەكاتە سەر رۆژئاوای كوردستان.

ئەو جموجۆڵە سەربازییانە دوای سەردانەكەی سەلجوق بایراکتائۆغڵو، سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیا بۆ دیمەشق دێت، كە لە رۆژانی ٥ و ٦ی ئەم مانگە ئەنجامیدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP