هەرێم نیوز
فەرماندەیی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە بۆنەی تێپەڕبونی ساڵێك بەسەر روخانی رژێمی بەشار ئەسەددا، دەڵێت: لەكاتێكدا هاوڵاتیانی سوریا چاویان لە بونیادنانی ئایندەیەكی نوێیە، هێشتا زمانی دنەدان و رق و كینە لەلایەن هەندێك لەلایەنەكانی دەسەڵات و نزیكەكانیەوە بەكاردەهێنرێن، كە لە هەوڵی دووبارەكردنەوەی هەمان گوتاری دابەشكاری رابردودان.
راشیدەگەیەنێت: ئەم گوتارە گرژو خۆبەزلزانە چیتر قبوڵكراونیەو ناكرێت ببێتە بنەمایەك بۆ بونیادنانی وڵاتێكی نوێ، بەڵكو بەردەوامییەكی راستەوخۆیە بە عەقڵییەتی رژێم كە رووخاو ناگەڕێتەوە.
فەرماندەیی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەیدا جەخت دەكات: لەم قۆناغە هەستیارەدا، وەك هێزێكی بنەڕەتی دەمێنێتەوە بۆ پارێزگاریكردن لە گەلەكەی، روبەڕوی هەر دوژمنكاری و هەڕەشەیەكيش دەبێتەوە بكرێتە سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا.