هەرێم نیوز
پارێزگاری ههولێر ڕایدەگەیەنێت، ههندێك هێزی سیاسی روداوهكهی گوندی لاجانیان قۆستهوه بهڵام توانراوه "تاوانبارێك" دهستگیربكرێت كه ئهندامی كۆمیتهی یهكێتییه و پێویسته یهكێتی ههڵوێستی خۆی لهوبارهیهوه ڕابگهیهنێت، دهشڵێت، له روداوهكانی لاجاندا دوو كهس گیانیان لهدهستداوه و شهش كهسیش برینداربون.
ئەمڕۆ یەكشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکئ ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستە ڕوو، ٦٧ بارهەڵگری خەڵكی گوندی لاجان لە پاڵاوگەی لاناز كار دەكەن، لە كارگەی شیش لە سنووری گوندی لاجان ٣٠٠ كارمەند كار دەكەن كە هەموویان خەڵكی گوندەكەن. ٧٣ كەسی خەڵكی لاجان لە پاڵاوگەی لاناز كار دەكەن.
ئەوەشی خستە ڕوو: "لە رووداوەكەدا دوو كەس شەهید بوون، یەكێكیان شۆفێر بوو شەهید بوو كە خەڵكی كەركووك بوو، كەسێكیشیان پاسەوانی كۆمپانیاكە بوو شەهید بوو. شەش كەس بریندارن كە یەكێكیان منداڵە عەرەبێك بووە و شوان بووە، یەكێكیشیان خەڵكی باكووری كوردستانە."
لەبارەی دەستگیركراوەكانیشەوە وتی: "ئەو كەسەی هانی خەڵكی داوە، بە گفتوگۆ لەگەڵ خەڵكی گوند دەستگیر كراوە لەگەڵ پێنج كەسی دیكە، هەموویان لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت. لە رووداوەكانی خەباتیش دوو كەس پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە. ١٦ كلاشینكۆف و ئاڕبیجییەك رادەست كراون، بەڵام یەقینین لەوەی كە ئەم چەكانە ئەوانە نین كە ڕووداوەكەیان پێ كراوە. ئەرێ خۆپیشاندان بە ئاڕبیجی دەكرێ؟ بەشێك لەوانەی لە لاناز كاریان كردووە ئەوانیش رووبەڕووی پاڵاوگەكە بوونەتەوە. لێژنەیەكمان هەیە بۆ جەردكردنی هەموو ئەو چەكانەی لەو گوندە هەیە كە تا ئێستا ٢٤ لەو چەكانە لە جۆری كلاشینكۆف و دەمانچەیە تۆمار كراون و ئێمە هەموو چەكەكان تۆمار دەكەین."
لەبارەی لایەنی بەرپرس لە ئاژاوەكەشەوە پارێزگاری هەولێر رایگەیاند:"ئەوەی كراوە پەیوەندیی بە ئاژاوەگێڕانەوە هەیە و پەیوەندیی بە هیچ حزبێكەوە نییە. داوامان لە یەكێتی ئەوەیە، یەكێك لەوانەی دان پێدانانەكەی بڵاو بووەتەوە لە ڕیزی یەكێتییە و پێویستە یەكێتی هەڵوێستی روون بكاتەوە كە ئایا ئەمە گوزارشتە لە هەڵوێستی یەكێتی؟"
ئاماژەی بەوەشدا "هەر رێكخراوێكی مافی مرۆڤ، نێردەی دیپلۆماسی و ئاژانسەكانی یو ئێن و مافی مرۆڤی كوردستان دەیانەوێ دەتوانن بێن ببینن چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە كراوە. پیلانی ئاشوبچییەكان سەركەوتوو نەبوو. ئەوان مەبەستیان بوو ئارامیی هەولێر تێك بچێت، زۆریان چاوەڕێ بوون داوا لە میلیشیاكان بكەن بێن تەداخول بكەن."
رەخنەشی لە میدیاكان گرت و رایگەیاند: "تا ئەمڕۆ بەشێكی دەزگاكانی راگەیاندن خۆیان تەرخان كردووە بۆ دروستكردنی ئاشووب، بەڵام نە ئەوان و نە سەرانی ئەوان بە چاوی خۆیان ئەوە نابینن."