هەرێم نیوز
شاندی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ شەرع و شەیبانی کۆبوونەوتەوە و دەڵێت”چوار بڕگەی سەرەکی گفتوگۆی لەسەر کرا”.
شاندی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە تۆڕی “ئێکس”ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سووریا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی حکومەتی ڕاگوزەری سووریا، گفتوگۆ لەبارەی چوار بڕگەی سەرەکییەوە کراوە، بەڵام تاکوو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی فەرمی واژۆ نەکراوە.
ئاماژەیان بەوەشداوە، لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیازی یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیان کردووە بۆ درووستکردنی سوپایەکی ڕێکخراو بۆ هەموو گەلی سووریا.
شاندەکە باسی لەوەشکردووە، لەسەر جێبەجێکردنی ئاگربەستی گشتی و دەستبەجێ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و حەلەب و ڕاستکردنەوەی دەستووری سووریا بە گوێرەی نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان ڕێککەوتوون.
ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە)، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی، ڕۆهلات عەفرین، فەرماندەیەك لە یەکینەکانی پاراستنی ژن(یەپەژە) لە شام لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتیی دیمەشق کۆبوونەوە