هەرێم نیوز
سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن رایگەیاند، ئەوەی گرنگە، سەرکەوتنی کوردستان و خەڵکی کوردستانە، دەشڵیت، بەڵێن بە خەڵک دەدەن چۆن لە ڕابردوودا بەرگریان لە مافی خەڵک کردووە، لە ئێستاو داھاتووشدا بە ھەمان شێوە بەردەوام دەبین.
ئەشواق جاف، کاندیدی ژمارە یەک و سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی، بە میدیای فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە، هیوادارین بانگەشەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ھێمنانە بەڕێوە بچێت و دوای تەواوبوونی ئەم پرۆسەیەش، لایەنەکان بە یەکدەنگی بچنە بەغدا بۆ بەدەستھێنانی مافی خەڵکی کوردستان.
ئەشواق جاف دەشڵێت، ئەوەی گرنگە، سەرکەوتنی کوردستان و خەڵکی کوردستانە، بۆیە پێویستە پێکەوە و بە یەک دەست خەبات بۆ مافی خەڵک و جێبەجێکردنی دەستوور و یاسا بکەین، لەبەر ئەوەی مافی خەڵکی کوردستان له ناو دەستوور چەسپاوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ھەموو خەڵکی کوردستان دەزانن پارتی دیموکراتی کوردستان پڕۆژەکانی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندایە و هەمیشەش لە سەنگەری بەرگریکردن لە مافی خەڵک بووە و بەردەوامیش بەرگری لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان کردووە، بۆیە پارتی پێشوازییەکی باشی لێ دەکرێت لە سەرجەم کاندیدانی و بەڵێنیش دەدەین هەروەکچۆن لە رابردوودا بەرگریکارێکی ڕاستەقینە بووین، لە ئێستا و داھاتووشدا بەرگری لە مافەکانیان دەکەین.