دواین هەواڵ

کوردستان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرۆکی پارتێکی تورکیا: موسڵ و كەركوك بۆ ئێمە گرنگترە لە فەڵەستین

هەرێم نیوز 

سەرۆکی پارتی زەفەری توركیا ڕایگەیاند، كێشەی فەلەستین كێشەی نەتەوەیی گەلی توركیا نییە و ئاماژەی بە بەردەوامبونی بازرگانی توركیا لەگەڵ ئیسرائیل كرد، دەشڵیت، "موسڵ و كەركوكی توركماننشین، كە دو شاری عێراقین، گرنگییەكی گەورەتریان هەیە لە كێشەی فەلەستین".

ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زەفەر ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "ناوبانگم خراپ دەكرێت، چونكە وتم كە كێشەی فەلەستین كێشەی نەتەوەیی گەلی توركیا نییە. فەلەستین تەنانەت كێشەیەكی هاوبەشی جیهانی عەرەبیش نییە. قودس، بە پیرۆزییەكانییەوە، كە جێگایەكی تایبەتی لای توركەكان هەیە، بەڵام كێشەی سەرەكی نەتەوەیی ئێمە نییە".

ئوزداغ ڕەخنەی لە دوڕویی هەڵوێستی حكومەت گرت بەرامبەر بە كێشەی فەلەستین، ئاماژەی بە بەردەوامبونی بازرگانی توركیا لەگەڵ ئیسرائیل كرد سەرەڕای ڕەخنە توندەكانی پارتی داد و گەشەپێدان لێی. وتیشی، "لەكاتێكدا گەلی فەلەستین بەدەست كۆمەڵكوژی و ئاوارەیی لە غەززە دەناڵێنن، بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوامە". 

دەشڵیت، "ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەكەن كە فەلەستین كێشەی نەتەوەیی ئەوانە، هیچ شتێك ناكەن جگە لە قسەكردن، لەكاتێكدا بازرگانییەكانیان بەبێ وەستان بەردەوامە". ئاماژەی بەوەشدا كە دوای وروژاندنی ئەم بابەتە، لەلایەن هاوپەیمانی "دام"ـەوە هێرشی كراوەتە سەر".

سەرۆکی پارتی زەفەر باسی لەوەشكرد، "موسڵ و كەركوكی توركماننشین، كە دو شاری عێراقین و لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانیدا بون، گرنگییەكی گەورەتریان هەیە لە كێشەی فەلەستین".

ئوزداغ ئەو كێشە نەتەوەییانەی دیاری كرد كە پارتەكەی پەیڕەوی دەكات، جەختی كردەوە كە سەرنجیان لەسەر بەرژەوەندییەكانی گەلی توركیایە، لەوانە؛ كەركوك و موسڵ. توركستانی ڕۆژهەڵات. ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و سەربەخۆیی كۆماری توركیای قوبرسی باكور. تراكیای ڕۆژئاوا. دورگە توركیاییە داگیركراوەكانی یۆنان لە دەریای ئیجە.
بنیاتنانی كۆماری توركیایەكی بەهێز، یەكگرتو و عەلمانی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP