هەرێم نیوز
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، رۆژانە 150 بۆ 160 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان دەگاتە بەندەری جەیهانی توركیا، ئەوەش یەكێك لە هۆكارەكانی دابەزینی نرخی نەوتە لەمڕۆدا.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە، نرخی نەوت نزیكەی 2%ی بەهای خۆی لە بازاڕەكانی جیهان لە دەستدا، بەشێوەیەك لە ئێستادا یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە 68 دۆلار و 42 سەنت و یەك بەرمیل نەوتی تەكساس بە 63 دۆلار و 84 سەنت مامەڵەی پێوەدەكرێت.
رۆیتەرز دابەزینی نرخی نەوتی بۆ دو هۆكار گەڕاندۆتەوە، یەكێكیان دەسپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانە كە لە شەممەی ئەم هەفتەیەوە دەستی پێكردەوە لەگەڵ ئەوەی كە چاوەڕوان دەكرێت رێكخراوی ئۆپیك پڵەس، رۆژی یەكشەممەی داهاتو لە كۆبونەوەی خۆیدا بڕیار لە زیاتكردنی بەرهەمهێنانی نەوت بدات.
رۆیتەرز، ئەمڕۆ دوشەممە، لە زاری دو سەرچاوە لە كەرتی نەوتەوە بڵاویكردۆتەوە، لە ئێستا بڕی 150 تا 160 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە رۆژانە دەگاتە بەندەری جەیهانی توركیا.