هەرێم نیوز
وەزیری ناوخۆی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەی رێبەری سەلامەتی دەبێتە بنەمایەک بۆ دروستکردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، بەنزینخانەکان و سەرجەم شوێنە گشتییەکان و جێبەجێکردنیان، ئەگەری روودانی کارەساتی گەورە کەم دەکاتەوە.''
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی ئەیلولی ٢٠٢٥، وەزارەتی ناوخۆ لە هەولێر، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی، پڕۆژەی رێبەری سەلامەتی راگەیاند و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم، لە رێوڕەسمەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: ''هەوڵی جدیمان داوە بۆ ئەوەی توانای دامەزراوەکانمان هاوشانی بنەما جیهانییەکانی کارکردن بەرز بکەینەوە و بە لێهاتوویی نوێ و کەرەستەی سەردەمیانە توانادار بکرێن.''
وتیشی: ''ئەمڕۆ لە قۆناغی زێڕینی ئامادەییداین بۆ وەڵامدانەوە و باشترین جۆرەکانی ئۆتۆمبێل و ئامێرەکانی ئاگرکوژێنەوە بە قەبارەی گەورە و بچووک بەردەستی تیمەکانی بەرگریی شارستانین، رۆژانە بۆ پاراستنی ژیانی خەڵک بەکاردەهێنرێن.''
وەزیری ناوخۆ ئەوەشی خستەڕوو، توانای بەرگریی شارستانی ساڵ لەدوای ساڵ بەرز دەبێتەوە، ''بەردەوام سوودمان لە دەرفەتەکانی راهێنان لە هەموو جیهان وەرگرتووە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا دەبینین کە لە کوردستان، تەکنەلۆژیا و درۆنی پێشکەوتوو لە کۆنترۆڵکردنی ئاگردا بەکاردەهێنرێت.''
لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆ سەرپەرشتیی کۆدەکانی رێبەری سەلامەتی دەکات و رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا، ''ئەرکی ئامادەکردن و نووسینی رێبەر و کۆدەکانی سەلامەتییان لەئەستۆ گرتووە، تاوەکو ژێرخانی کوردستان بە پتەوی بونیات بنرێتەوە.''
وەزیری ناوخۆ زیاتر وتی: ئێستا دوای چوار ساڵ لە پێکهێنانی لیژنە وەزارییەکە، ''هەرێمی کوردستان بۆ یەکەم جار دەبێتە خاوەنی کۆد و ستانداردی تایبەت بە خۆی لە بواری سەلامەتییەوە، کە لەلایەن حکومەتەوە دەدرێتە خاوەنکار و وەزارەتەکان و، دەبنە دەستووری بونیاتنانی باڵەخانە و شوێنەکانی نیشتەجێبوون، وێستگەکانی سووتەمەنی، گازی شل و گواستنەوەی مادە مەترسیدارەکان.''
رێبەر ئەحمەد داوا لە وەبەرهێنەران، خاوەنکاران و خاوەن پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دەکات کە پابەندی کۆدەکانی رێبەری سەلامەت بن، ''چونکە جێبەجێکردنیان، ئەگەری روودانی کارەساتی گەورە کەم دەکاتەوە.''