دواین هەواڵ

کوردستان‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرۆکی حکوومەت لە تەندروستیی ئیسماعیل بێشکچی دەپرسێت

هەرێم نیوز

شەوی رابردوو ئیسماعیل بێشكچی، نووسەری دیاری توركیا و دۆستی كورد، جه‌ڵته‌ی مێشك لێی دا و ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ كرا.

میدیاكانی توركیا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بێشكچی لە میانی گفتوگۆیەكدا دوای نمایشكردنی فیلمی دیكۆمێنتاریی تەواوی ژیانی، لە نۆیەمین فێستیڤاڵی فیلمی دۆكیۆمێنتاریی فیلم لە ئامەد، باری تەندروستیی تێك دەچێت و بە پەلە دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە.

پزیشكی تایبەتی بێشكچی رایگەیاندووە، سەرەتا كە گەیەنرایە نەخۆشخانە، باری تەندروستیی ناجێگیر بوو، چونكە جەڵتە لێی دابوو، بەڵام ئێستا باری تەندروستی بەرەو باشتر چووە.

باسی لەوەش كرد، ڕاستە باری تەندروستیی ئیسماعیل بێشكچی ئێستا جێگیرە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تەمەنی هەڵكشاوە، دەبێت لە ژێر چاودێریی چڕ بمێنێتەوە.

هاوکات ئەمڕۆ یەکشەممە،  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە تەندروستیی نووسەر و کۆمەڵناسی ناسراوی تورک و دۆستی گەلی کورد؛ د. ئیسماعیل بێشکچی پرسی، کە ئێستا لە نەخۆشخانەیە."

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە "سەرۆکی حکوومەت لە پەیوەندییەکەدا لەگەڵ وەقفی ئیسماعیل بێشکچی، هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بێشکچی خواست و ئامادەیی هەموو هاوکارییەکی بۆ چارەسەرکردنی دەربڕی."

ئیسماعیل بێشكچی نووسەر و كۆمەڵناسی بەناوبانگی تورك كە بەدۆستی كورد ناسراوە، لە 7ی1ی1939 لە پارێزگای چۆڕوم لە دایك بووە. دەرچووی كۆلێژی زانستە سیاسییەكانە لە زانكۆی ئەنكەرە.

لە ساڵی 1965دا دكتۆرای لە بواری كۆمەڵایەتی بەناونیشانی "گۆڕانكاری لە رۆژهەڵات و كێشە بنیاتنەرەكان و كۆچی هۆزەكان" بەدەست هێنا، بەهۆی بۆچوونە سیاسییەكان و دۆستایەتیكردنی كورد، لە ساڵی 1970 دكتۆراكەی لێ سەنرایەوە و لە ساڵی 1971 لە ئامەد بۆ ماوەی 17 ساڵ و دوو مانگ گیرا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP