دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

فازڵ میرانی: ڕیفراندۆم تاپۆیەكی شەرعییە بۆ سەربەخۆیی كوردستان

هەرێم نیوز 

فازڵ میرانی، رایدەگەیەنێت، ڕیفراندۆم تاپۆیەكی شەرعییە بۆ سەربەخۆیی كوردستان، دەشڵێت، باوەڕمان وایە، تا كورد و بەغدا نەبن بە دوو دراوسێ، پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا ڕاستەڕێ نابێت

فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی ڕایگه‌یاند، لە مێژووی هاوچەرخی كوردستاندا، بۆ یەكەمین جار لە 25/9/2017دا دەرفەتی ئەوە بۆ گەلی كوردستان هاتە پێش، بە ئازادی و دیموكراسیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات. هەلومەرج و ساتەوەختی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ڕیفراندۆم، یەكجار هەستیار و چارەنووسساز بوو. ئەگەر لە ڕووی سیاسەت و دیموكراسییەوە سەرمایەگوزاری لەو دەرفەتە نەكرابایە، بۆی هەبوو جارێكی دی بە ئاسانی ئەو هەلومەرجە بۆ گەلەكەمان بەدی نەهاتبا.

دەشڵێت، كرۆكی كارەكەش لەوەدا چڕ دەبێتەوە، دەوڵەتی عیراق لە ڕەوشێكی دژواردا كوردی خستە بەردەم دووڕیانێكی سەختەوە، یان ملكەچبوون بۆ خواست و پلانی نادۆستانەی بەغدا، یانیش گەڕانەوە بۆ گەل تا بڕیاری چارەنووسی خۆی بدات. لەم گۆشەنیگایەوە سەرۆك مەسعوود بارزانی بەیداخی گەڕانەوە بۆ گەلی بەرز كردەوە، سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانیش، تێكڕای حزب و كەسایەتی و لایەنانی سیاسی، هاودەنگ و یەكدەنگ بەدەم بانگەوازەكەی سەرۆك بارزانییەوە هاتن، ئەمەش دۆخێكی بەرزی یەكگرتوویی گوتاری نەتەوەیی و نیشتیمانیی بەرجەستە كرد، بەم جۆرە ڕێڕەوی بەڕێوە چوونی پرۆسەی ڕیفراندۆم، لە كەشێكی یەكجار گونجاو و پێگەیشتوو، بە كۆدەنگیی هێز و لایانی سیاسیی كوردستان بڕیاری لێ درا.

فازڵ میرانی وتیشی، ئەوەی زۆر مایەی سەرنج و شانازی و جێی هەڵوەستەیەكی قووڵە، ئەو بە دەنگەوە هاتنە جەماوەرییە بێ وێنەیە بوو، بەوەی ڕێژەیەكی یەكجار بەرزی خەڵكی كوردستان بە هەموو چینوتوێژ و پێكهاتەیەكییەوە، بەشدارییان لە ڕیفراندۆمدا كرد، كە نیشانەی ئاستی بەرزی هۆشیاریی سیاسیی خەڵكی كوردستان بوو، لە هەمان كاتدا نیشانەی ئەوە بوو گەلەكەمان باوەڕی تەواوی بە سەروەریی خۆی و سەربەخۆیی كوردستان هەبووە و هەردەم ئامادەیە پشتیوانی لەو خواستە ڕەوایەی خۆی بكات.

جەختیشیکردەوە. گەلی كوردستان بە ڕێژەی نزیكە 93% مۆری زێڕینی “بەڵێ”ی بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە پرۆسەكەدا دا، بەم جۆرە سەربەخۆیی كوردستان شەرعیەتی خۆی لە تەواوی گەلی كوردستانەوە بەدەست هێنا، هیچ هێز و لایەنێكیش نە ماف و نە توانای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی گەلی كوردستانی نییە.

بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی وتی، بەدی نەهاتنی ئەو مافی سەربەخۆییەی گەلی كوردستان ئەرێی كرد، بۆ هەلومەرجی نێودەوڵەتی دەگەڕێتەوە، بەوەی تا ئێستاش نێوەندی سیاسیی نێودەوڵەتی بواری نەداوە ئاڵای كوردستان بەدەم ئاڵای وڵاتانی دیكەی جیهانەوە لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكاندا بشەكێتەوە، ئەمە ناهەقییەكی گەورەیە دەرهەق بە میللەتێكی گەورە و دێرین، كە ئومێد و چاوەڕوانیمان ئەوەیە دەنگ و خواستی گەلەكەمان لە ئاستی نێونەتەوەیی چی دی نادیدە نەگیرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پرۆسەی ڕیفراندۆمەی گەلی كوردستانی عیراق بەڕێوەی برد، بە پێی بنەماكانی دیموكراسی بوو، هەر گەل سەرچاوەی شەرعیەتە، گەلەكەشمان خۆی خاوەنداریی لەو پرۆسەیە كرد، بۆیە لە ڕوانگەی ماف و یاساییەوە، ڕیفراندۆم تاپۆیەكی شەرعییە بۆ سەربەخۆیی كوردستان، هەر كاتێكی هەلومەرج گونجاو بێت، گەڕانەوە بۆ پەیامی ئەو تاپۆیە مافێكی شەرعیی گەلی كوردستانە، ئەوەی پێویستە ئێمە كاری بۆ بكەین، كاری سیاسی و دیپلۆماسییە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ سەربەخۆیی كوردستان، بە تایبەتی كە دەوڵەتی عیراق لە هەموو سەردەمەكاندا بە ئێستاشەوە، دەست لە سیاسەتی دژایەتیكردن و پەراوێزخستنی گەلی كوردستان و پێشێلكردنی مافەكانی هەڵناگرێت، جگە لەوەی لە مێژووی دەوڵەتی عیراقدا، كورد ڕووبەڕووی جینۆساید بووەتەوە. باوەڕمان وایە، تا كورد و بەغدا نەبن بە دوو دراوسێ، پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا ڕاستەڕێ نابێت، ئەوەی گەلی كوردستانیش لە ڕیفراندۆمدا پاڵپشتیی كرد، بەڵگەیەكی دیكەیە بۆ خواست و دیدێكی ڕوونی ئایندەخوازی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP