هەرێم نیوز
عەلی خامنەیی، لە پەیامێکی ڕوون، هەموو پێشنیارەکانی دانوستانی ڕاستەوخۆ و هەمەلایەنەی لەگەڵ ئەمریکا ڕەتکردەوە. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە بارودۆخی ئێستای نێوان ئێران و ئەمریکا " بنبەستە" و دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نەک هەر هیچ سوودێکی نییە، بەڵکو زیانی بۆ وڵاتیش دەبێت.
ئەم هەڵوێستە چارەنووسسازەی خامنەیی تەنیا چوار ڕۆژ پێش گەڕانەوەی فەرمی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دژ بە ئێران دێت. بەم هەڵوێستە، ڕێگای دیپلۆماسی بە شێوەیەکی کاریگەر گیراوە و ئاسۆی چوونە ناو شەڕی دووەمی ئێران لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا لە هەموو کاتێک جددیتر دەردەکەوێت.
شکستی ڕێگای دانوستان و کردنەوەی ڕێگای گەمارۆ و شەڕ، ئێستا وەک ئەگەرێکی چاوەڕوانکراو سەیر دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدا، کە ڕافایل گرۆسی سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند ئێران ئێستاش لە توانایدا هەیە لە ماوەی چەند هەفتە یان مانگدا بگاتە چەکی ئەتۆمی، ئەم لێدوانەش وا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت کە گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل هەڵکردووە بەو بیانووەوە دووبارە هێرش بکاتەوە سەر ئێران.
خامنەیی دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمەریکا ڕەتکردەوە، هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ لە وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە پێشنیاری ڕێککەوتنی بۆ لایەنی ئێرانی کردووە و داوای گفتوگۆی کردووە، بەڵام لایەنی ئێرانی ڕەتیکردەوە و ئەمریکا ناچار بوو هێرش بکاتە سەر.
لێدوانە نوێیەکانی خامنەیی بە شێوەیەکی کاریگەر سەردانی مەسعوود پزیشکیان سەرۆکی ئێران بۆ نیویۆرک پووچەڵ کردەوە. لە کاتێکدا کە قسە و باس لەسەر ئەگەری دیدارەکەی لەگەڵ ترەمپ زۆر بوو، بەڵام خامنەیی ڕێگەی بە کۆبوونەوەی لەو شێوەیە نەداوە.
بەڵام خاڵی سەرەکیی لێدوانە نوێیەکانی خامنەیی پێداگرییەکەیە لەسەر بەردەوامبوونی پیتاندنی یۆرانیۆم. ئەو وتی: ئێمە هەرگیز پیتاندن ڕاناگرین، لە کاتێکدا بنەمای هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڕۆژئاوا ڕاگرتن یان سنووردارکردنی ئەم بەرنامەی پیتاندنەیە. بەم شێوەیە ئاسۆی هەر ڕێککەوتنێک بە شێوەیەکی کاریگەر کۆتایی پێهێنرا.
ئەم قسانە نەک هەر ئاماژەیەک بوو بۆ کۆتایی هاتنی دانوستانەکان، بەڵکو گەڕانەوەی نزیک بوو لە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئێستا ئەگەری شەڕ لە هەموو کاتێک زیاترە.
لەگەڵ گەڕانەوەی گەمارۆکان، ئەگەری زۆرە کە بەهای تمەن لە ئێراندا زیاتر لە ئێستاش هاڕە بکات. دۆلار و زێڕ و سکە و کاڵا سەرەتاییەکان لە پێشوو گرانتر دەبن و لەوەش گرنگتر ڕێگای شەڕ دەکرێتەوە.
دەنگی ناڕەزایەتی لە ناو خودی ڕژیمەوە بەرز بووەتەوە؛ لە محەمەد خاتەمی و مەحمود ئەحمەدی نژادەوە تا حەسەن ڕوحانی و مەسعود پزیشکیان، هەموویان بە ئاشکرا ڕەخنەیان لە ڕەتکردنەوەی دەرفەتی دانوستان لەلایەن خامنەییەوە گرتووە.
ڕۆحانی لەم دواییانەدا وتی، “ویستم لەگەڵ ترەمپ کۆببمەوە و کێشەکە چارەسەر بکەم، بەڵام ڕێگەیان پێنەدام.” کێ ڕێگەی نەدام؟ وەڵامەکە ڕوونە: عەلی خامنەیی.
لەم هەلومەرجەدا، و بە قسەکانی خامنەیی، هەر هیوایەک بۆ ڕێککەوتن، تێکچووە. ئێستا نە پزیشکیان دەوێرێت لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە، نە عێراقچیش دەتوانێت لە دیدارە ڕەمزیەکان تێپەڕێت. هەروەها ڕێککەوتنی تەکنیکی ئەم دواییە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بێکاریگەر دەبێت، بە گوتەی خودی عەراقچی، ئەگەر سزاکان بگەڕێنەوە.