هەرێم نیوز
عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە نوێترین لێدوانیدا، هەموو پێشنیارەکانی دانوستانی ڕاستەوخۆ و هەمەلایەنەی لەگەڵ ئەمریکا ڕەتکردەوە و وتی: دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نەک هەر هیچ سوودێکی نییە، بەڵکو زیانی بۆ وڵاتیش دەبێت.
هەروەها خامنەیی وتی: "ئێمە هەرگیز پیتاندنی یۆرانیۆم ڕاناگرین"، لە کاتێکدا بنەمای هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڕۆژئاوا ڕاگرتن یان سنووردارکردنی ئەم بەرنامەی پیتاندنەیە.
ئەم هەڵوێستە چارەنووسسازەی خامنەیی تەنیا چوار ڕۆژ پێش گەڕانەوەی فەرمی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دژ بە ئێران دێت. بەم هەڵوێستە، ڕێگای دیپلۆماسی بە شێوەیەکی کاریگەر گیراوە و ئاسۆی چوونە ناو شەڕی دووەمی ئێران لەهەموو کاتێک جددیتر دەردەکەوێت.
لێدوانەکانی خامنەیی لەکاتێکدایە، ڕافایل گرۆسی سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، ئێران ئێستاش لە توانایدا هەیە لە ماوەی چەند هەفتە یان مانگدا بگاتە چەکی ئەتۆمی، ئەم لێدوانەش وا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت کە گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل هەڵکردووە بەو بیانووەوە دووبارە هێرش بکاتەوە سەر ئێران.
بە بڕوای چاودێران دوای قسەکانی ئەم دواییەی خامنەیی، ئەگەری زۆرە بەهای تمەن لە ئێراندا زیاتر لە ئێستاش هاڕە بکات. دۆلار و زێڕ و سکە و کاڵا سەرەتاییەکان لە پێشوو گرانتر دەبن و لەوەش گرنگتر ڕێگای شەڕ دەکرێتەوە.
دەنگی ناڕەزایەتی لەسەر قسەکانی خامنەیی لە ناو خودی رژێمەوە بەرز بووەتەوە؛ لە محەمەد خاتەمی و مەحمود ئەحمەدی نەژادەوە تا حەسەن ڕوحانی و مەسعود پزیشکیان، هەموویان بە ئاشکرا ڕەخنەیان لە ڕەتکردنەوەی دەرفەتی دانوستان لەلایەن خامنەییەوە گرتووە.
تەنانەت حەسەن ڕۆحانی لەم دواییانەدا زۆر بە روونی وتی، “وەختی خۆی ویستم لەگەڵ ترەمپ کۆببمەوە و کێشەکە چارەسەر بکەم، بەڵام ڕێگەیان پێنەدام.” کێ ڕێگەی نەدام؟ وەڵامەکە ڕوونە: عەلی خامنەیی.
لەم هەلومەرجەدا، و بە قسەکانی خامنەیی، هەر هیوایەک بۆ ڕێککەوتن، تێکچووە. ئێستا نە پزیشکیان زاتی ئەوە دەکات لەگەڵ ترەمپ کۆببێتەوە، نە عێراقچیش دەتوانێت لە دیدارە ڕەمزیەکان تێپەڕێت. هەروەها ڕێککەوتنی تەکنیکی ئەم دواییە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بێکاریگەر دەبێت، بە گوتەی خودی عەراقچی، ئەگەر سزاکان بگەڕێنەوە، بەوەش چاودێران پێیان وایە ڕەتکردنەوەی گفتوگۆ یان داخستنی دەرگای دیالۆک، دەرگای دۆزەخ بەڕووی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکاتەوە..