دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

گروپە شیعیەکانى عێراق بارەگاکان چۆڵدەکەن و حکومەتیش پەلەیەتى تێکەڵیان بکات

هەرێم نیوز 

نوسینى : تەميم الحسن
وەرگێڕانى: هەرێم نیوز
دە رۆژى کۆتایی مانگی ئەیلوول "کە بە مانگی یەکلاکەرەوە ناوى دەبرێت" یەکێکە لە پێشبینییە سەرەکیەکان بۆ هێرشکردنە سەر گروپە چەکدارەکانى عێراق، کە هاوکاتە لەگەڵ چۆڵکردنى بارەگاکانیان، وەک شرۆڤەکارانیش دەڵێن زۆر جار ئەم پلانە وەک رۆتینێک پەیڕەودەکرێت بۆ کەمکردنەوەى زیانەکانیان بەکارهێنراوە.

هەفتەى پێشوو واشنتن دەستىیکردووە بە فشار خستنە سەر ئێران و وەکیلەکانى لەناوچەکەدا- وەک ئەمریکیەکان ناویان لێناون- بەگوێرەى سەرچاوە ئەمنییەکان بەشێکى زۆر لە گروپە چەکدارەکانى عێراق هەستاون بە چۆڵکردنى بارەگاکانیان بەتایبەتى لە بەغدادی پایتەخت و شارەکانى رۆژئاوای وڵات.

بەگوێرەى سەرچاوەکان، زۆرینەى سەرکردەکانى ئەو گروپانە خۆیان لە بەکارهێنانى ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دەپارێزن لەترسى هەر هێرشێکى ئەلیکترۆنی و کۆنترۆڵکردن و چاودێریکردنیان، وەک باسیشدەکرێت بەشێک لەو گروپانە لەم ساڵانەى کۆتاییدا چەند جارێکى دیکەش بارەگاکانیان چۆڵکردووە، و سەرچاوە ئەمنییەکانیش جەخت دەکەنەوە خۆپارێزییەکی رۆتینیە کە لایەنەکان دەیگرنە بەر.
ئەمریکا کۆنترۆڵی کردوون:
بەشێکى زۆر لە گروپە چەکدارەکانى عێراق باوەڕیان وایە هێزە ئەمنییەکانى عێراق لە لایەن وڵاتانى رۆژئاواوە کۆنترۆڵکراون و لەسەروو هەموویانەوە ئەمریکا و ئەوەش بووەتە مەترسییەکی گەورە بەسەر وڵاتەکەیانەوە.
فیراس ئەلیاسر ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەى نوجەبا چەند رۆژێک پێش لە ئێستا لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ئاماژەى بە دەستێوەرادنى ئەمریکا کرد لەنێو هێزە ئەمنییەکانى عێراق دا و بە مەترسی ناوى هێنا، گوتیشى ئاسمانى عێراق لە ژێر دەستى هێزە ئاسمانییەکانى ئیسرائیل و فرۆکەوانى ئەمریکادایە و شەووڕۆژ سەرقاڵی کۆکردنەوەى هەواڵگرین لەئاسمانەوە، گوتیشى ئەمە ئابڵۆقەیەکە هیچی کەمتر نییە لەو ئابڵۆقەیەى کە لە نەوەدەکاندا ئەمریکا بەسەر عێراقدا سەپاندبووى.
بەپێچەوانەى ئەم بۆچوونەوە خالید یەعقوبی راوێژکارى ئاسایشى حکومەتى عێراق ئاماژە بەوە دەکات بەشێک لەسەرکردەکانى حەشدی شەعبی بە نهێنى لەگەڵ ئەمریکییەکان کۆدەبنەوە و پێکەوە پلانى ئەمنی تاووتوێ دەکەن، ئەوە لەکاتێکدا هێشتا مەترسی لەسەر هەندێکیان هەر هەیە.
چارەسەر تێکەڵکردنە:
بەشێکى زۆر لە چاودرێران باوەڕیان وایە پێش کۆتایی مانگی ئەیلوولى ئەمساڵ لە لایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە، هێرش دەکرێتە سەر ئەو گروپە چەکدارانە، بەتایبەتى لەدواى ئەوەى کە فشارەکان بۆ سەر ئێرانییەکان رووى لەزیادبوون کردووە.
بەگوێرەى راپۆرتە ئەوروپییەکان، لە کۆبوونەوەى هاوپەیمانى شیعەکان و حکومەت و بەرپرسە ئەمنییەکان دا باس لە "داخستنى نوسینگە و بارەگاکان" کراوە و رێککەوتنیان لەبارەوە کراوە، بەتایبەتى لەدواى ئەوەى ئەمریکییەکان چواریانى خستە نێو لیستى تیرۆرەوە.
راپۆرتێکى فەرەنسى باس لەوەدەکات لە کۆبوونەوەکەدا "چوارچێوەى هەماهەنگی شیعیەکان" و "محەمەد شیاع سودانى" و حەمید شەترى" سەرۆکی دەزگاى هەواڵگریی و "قاسم ئەعرەجی" راوێژکارى ئاسایشى نیشتمانى عێراق تێیدا بەشداربوون.

سەرچاوەکە ئاماژەى بەوەشکردووە ناوبراوان باسیان لەوەکردووە کە پلانێک دابڕێژن بۆ چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بڕیارەدا کە هەریەک لە "بزووتنەوەى نوجەبا، کەتیبەکانى سەید شوهەدا، کەتیبەکانى ئیمام عەلی و ئەنساروڵاى ئەوفیا" خراونەتە لیستى تیرۆرەوە.
دیارترین بڕیاریشیان داخستنى نوسینگە و بارەگاکانى ئەو چوار گروپە بووە، ئەوە لەکاتێکدا کەتیبەکانى حزبوڵاى عێراقى دوو ساڵ زیاترە ناوى وەک گروپێکى تیرۆرستى مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت، یەکێکى دیکەش لە پێشنیارەکانیان ئەوەبووە ئەو پێنج گروپەى لە پێشەوە ناویان هاتووە، چەکەیانیان رادەستى حکومەت بکەن و خۆیان لە نێو حەشدى شەعبیدا بتوێننەوە.

بەگوێرەى راپۆرتەکە محەمەد شیاع سودانى پاساوى بۆ پێویستى ئەو هەنگاوانە هێناوەتەوە و گوتوویەتى بڕیاری خستنە لیستى تیرۆری  ئەمریکییەکان واتە پێشەکی بۆ هێرشکردنە سەریان، بەڵام تا ئەم چرکەساتە ئەو گروپانە چەکڕادەستکردن رەتدەکەنەوە، و فیراس ناسریش دەڵێت ئەگەر ئەو کارە بکرێت پێویستە گرەنتى بکرێن.

ناسری لە چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنییەکەیدا ئاماژەى بەوەکردووە : حکومەتى عێراق پێویستى بە گروپە چەکدارەکانە بۆ ئەوەى بیپارێزن لە هێرشەکانى ئەمریکا، گوتیشى کۆنترۆڵکردنى بەرەى مقاوەمە واتە لێسەندنەوەى سەروەریی تەواوەتی عێراق و سەپاندنى دەسەڵاتى تەواوەتى ئەمریکا بەسەر ئەم وڵاتەدا.
یەعقوبیش لە ماوەکانى پێشوودا رایگەیاندووە حکومەت دەستى گرتووە بەسەر گروپەکاندا و کۆنترۆڵی کردوون بەڵگەش بۆ ئەوە لە جەنگی 12 رۆژەى نێوان ئێران و ئیسرائیل دا رێگەى نەدا هیچ جموجوڵێک بکرێت.
بەغدادیش لە مانگی ئازاری پێشوودا رایگەیاند دەستیانکردووە بە دانوستان لەگەڵ گروپەکاندا بۆ چەکدانان و تێکەڵکردنیان لە ناو حەشدى شەعبیدا بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەوبارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە.
گروپە چەکدارەکانیش کە ناوى خۆیان ناوناوە " بەرەى بەرەنگاریی ئیسلامی عێراقى" رازی نین بەچەکدانان لەبەر ئەوەى باوەریان وایە چەکەکانیان" ئەمانەتى ئیمام مەهدی" یەو خراوەتە ئەستۆی ئەوان.
 
ئێران و بریکارەکانى :
شرۆڤەکارانى سیاسی بە رۆژنامەى – المدی- ـى عێراقییان راگەیاندووە پێدەچێت هێرشکردنە سەر گرووپەکان لەشێوەى ئەو سیناریۆیەدا بێت کە لە قەتەر کرایە سەر سەرکردەکانى حەماس، بەو مانایەى لەکاتى کۆبوونەوەیەکدا کارەکە ئەنجام بدرێت، ئەم کارەش دواى ئەوە دێت کە – ئیلیزابیس تسورکۆف- لە ماوەکانى پێشوودا ئازادکرا کە واشنتن پێیى وابوو تاوانباری سەرەکی "کەتیبەکانى حزبوڵاى عێراق" بووە کە وەک نوێنەر و بریکاری ئێران لیێ دەڕوانن.
باس لەوەشدەکرێت ئەم ئاگادارکردنەوە پڕ لە مەترسییە دراوەتە سەرکرە سیاسی و سەربازییەکانى گروپە شیعییەکان، دیارترینیان نوری مالیکی سەرۆکی چوارچێوەى هەماهەنگی یە کە هەفتەى پێوو لە لەلایەن -جوشوا هاریس- کاربەڕێکەرى ئەمریکا لە بەغدادەوە راشکاوانەوە پێی گوتراوە " وڵاتەکەتان لە هێرشى ئیسرائیل و ئەمریکا بپارێزن".

چاودێران لەبارەى چالاکی گروپە ناعێراقیەکانیشەوە هۆشدارییان داوە کە ببێتە هۆی هێرشى ئیسرائیل و ئەمریکییەکان کە بریتین لە حەماس و حوسییەکان، غازی فەیسەڵ دبلۆماتکاری پێشووى عێراقى بە رۆژنامەى – المدی- ـى راگەیاندووە ئەوەى کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان پێکردووە کۆنترۆڵکردنی چالاکییەکانى ئێرانە لەناوچەکەدا.

فەیسەڵ باوەڕی وایە جەنگی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى لە لایەک و ئیران و هاوپەیمانەکانى لە لایەکی ترەوە – کە گروپە چەکدارەکانى عێراق بەشێکى سەرەکی پێکدەهێنن- ئەگەر روو بدات زیانى گەورە بەر لایەنى دووەم دەکەوێت.

بەگوێرەى بۆچوونەکانى سەرۆکی فەرەنسا ئیمانۆئێل ماکرۆن، لە رۆژانى داهاتوودا ئێران گورزی کاریگەرتری بەردەکەوێت و سزاى نوێی بەسەردا دەسەپێنرێت، دواى ئەوەى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى پرۆژەى لابردنی سزاکانى سەر ئێرانى پەسەند نەکرد.

هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاش هاوردەکردنى غازی تورکەمەنستانى لە لایەن عێراقەوە بەنێو خاکی ئێراندا پەسەند نەکرد و شرۆڤەکارانیش رایانگەیاند رەتکردنەوەى ئەوە پرۆژەیە دەبێتە قورسترین فشاری ئەمریکا لەدژى تاران و کاریگەرییەکانى زۆر بە قورسى لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە رەنگدەداتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP