هەرێم نیوز
نەیمار داسێلڤای ئەستیرەی بەرازیلی، تووڕەیی خۆی بەرامبەر رێکخەرانی خەڵاتی باڵۆندۆر و ریزبەندی باشترین یاریزانان دەربڕی، بەهۆی رافینیای هاونیشتمانییەوە.
رافینیا لە ریزبەندی باشترین یاریزانانی باڵۆندۆردا پلەی پێنجەمی بەدەستهێنابوو، نەیمار دەڵێ رافینیا شایستەی پلەی زۆر لەوە بەرزتر بوو.
هێرشبەرە 33 ساڵییەکەی سانتۆس، لە ئینستاگرام وێنەی لیستی دە یاریزانە یەکەمەکەی داناوە و لەسەری نووسیووە، "رافینیا پێنجەم؟ بەڕاستی مەهزەلەیە".
رافینیا وەرزێکی نموونەیی لەگەڵ بارسێلۆنادا هەبوو، رۆڵی هەبوو لە پێشەوایەتیکردنی یانەکە بۆ سیانەی نێوخۆیی و گەیشتنە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ.
هێرشبەرە بەرازیلییەکە هەروەها 34 گۆڵ و 25 ئەسیستی هەبوو لە کۆی 57 یاری لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان، بەڵام لە ریزبەندی باشترینەکانی فرانس فوتبۆڵدا پلەی پێنجەمی بەدەستهێنا، لە دوای هەریەکە لە عوسمان دێمبێلێ، لامین یاماک، ڤیتینیا و محەممەد سەڵاح.
بەرازیلییەکان دووەم ساڵە دووچاری هەمان شۆک دەبنەوە، پاشئەوەی ساڵی رابردوو لەبری ڤینیسیۆس جۆنیۆر، کە چامپیۆنزلیگ و لالیگای بردبووەوە، خەڵاتەکە درایە رۆدری یاریزانی مانچێستەر سیتی.
ریکاردۆ کاکا دوایین بەرازیلییە خەڵاتی باڵۆندۆری بەدەستهێناوە و خەڵاتەکەی ئەو یاریزانە لە ساڵی 2007 بوو.