هەرێم نیوز
لیۆنێل مێسی لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ئینتەرمەیامی نزیکبووەتەوە و خاڤیێر ماسکێرانۆش دەڵێت "هیوادارم هەرچی زووە ئەوە کۆتایی بێت". هەندێک سەرچاوەش دەڵێن "مێسی بەنیاز نییە بەم زووانە واز لە یاریکردن بێنێت"
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ، مێسی لەگەڵ یانەی ئینتەرمەیامی گەیشتووەتە رێککەوتن و گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە نوێدەکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی زۆر لەبارەی داهاتووی ئەفسانە ئەرجەنتییەکە بڵاوکرانەوە.
ئینتەرمەیامی ماوەیەکی زۆرە سەرقاڵی رازیکردنی لیۆیە بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە و وەرزی داهاتوو لەگەڵ یانەکە بێت کاتێک یاریگەی نوێی ئینتەرمەیامی تەواو دەبێت و دەکرێتەوە.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، مێسی رازیبووە و گرێبەستەکەی نوێدەکاتەوە، گفتوگۆکانی نێوان یاریزانەکە و یانەکەش لە قۆناخی کۆتاییدان.
لیۆ گرێبەستەکەی لە کۆتایی ئەمساڵ لەگەڵ ئینتەرمەیامی کۆتاییدێت، خاڤیێر ماسکێرانۆ ، راهێنەری ئینتەرمەیامی دەڵێت "ئەوە من نیم نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رادەگەیێنم، بەڵام هیوادارم بەمزووانە ئەوە ببێت، ئەمە هەواڵێکی ناوازەیە، نەک تەنیا بۆ ئینتەرمەیامی بەڵکو بۆ هەموو خولی ئەمریکا و ئەگەر ئەوە رووبدا نایاب دەبێت، بەڵام دەبێت چاوەڕێ بکەین، چونکە ئەوە کاری خۆیەتی و کە شتێک هەبێت رایدەگەیێنێت".
لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی زۆر لەبارەی چوونی مێسی بۆ سعودیە بڵاوکرانەوە، بەتایبەت کە سندووقی وەبەرهێنانی ئەو وڵاتە هەوڵی زۆری دەدا بۆ ئەوەی لیۆ رازیبکات پەیوەندی بە خولەکەوە بکات، بەڵام پێناچێت مێسی لە مەیامی بڕوات.
هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە لیۆ بەنیاز نییە وا زوو واز لە یاریکردن بێنێت و دەڵێن "تەنانەت ئەگەر مێسی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش لەدوای مۆندیالی 2026 واز لە یاریکردن بێنێت، بەنیاز نییە لەسەر ئاستی یانە وازبێنێت و لانیکەم دوو تاوەکو سێ ساڵی دیکە یاری دەکات".
ئانخێل دیماریای هاوڕێی مێسیش لە لێدوانێکی نوێدا، دەڵێت "لەو بڕوایەدام مێسی دوای وازهێنانی نێودەوڵەتی، چەند ساڵێکی دیکە لەسەر ئاستی یانە بەردەوام بێت لە یاریکردن".