دواین هەواڵ

کوردستان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

دادگای سلێمانی: لاهور جەنگی بە دوو ماددەی یاسایی دادگایی دەکرێت

هەرێم نیوز

دوای ڕووداوەكەی نێوان هێزە ئەمنییەكانی یەكێتی و لاهور جەنگی و چەكدارەكانی لە هۆتێل لالەزار، كە كوژراو و برینداری لێكەوتەوە، گوتەبێژی دادگای سلێمانی ڕوونی دەكاتەوە، كە بە گوێرەی دوو ماددەی یاسایی پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ دەكرێتەوە و دەدرێنە دادگا.

ئەمڕۆ هەینی، سەڵاح حەسەن، وتەبێژی دادگای سلێمانی رایگەیاند، ئەگەر لاهور جەنگی و تۆمەتبارەکانی دیکە بەبێ ڕووبەڕوبوونەوەی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش خۆیان ڕادەست بکردایە، تەنیا بە ماددەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی دادگایی دەکران، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و سێ شەهید و 19 بریندار هەیە، کە لە کاتی ئەرکەکەیاندا لەلایەن هێزەکانی سەر بە لاهور  جەنگی کراونەتە ئامانج، بۆیە بە پێی ماددەی 406ـیش پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران دەکرێتەوە.

وتیشی: هەموو تۆمەتبارێک لە بەردەم دادگا مافی پارێزراوە، لە کاتی دادگایکردنی تۆمەتبار لاهور جەنگی و ئەوانی دیکە دەتوانن تانە لە بڕیارەکە بدەن و پارێزەر بگرن.
ئەمە لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و هێزی لاهور جەنگی دەستی پێکرد، دوای چەند کاتژمێرێک لە ڕووبەڕووبوونەوە هەریەک لە لاهور جەنگی و پۆلادی برای دەستگیر کران.

ماددەی 406 ی یاسای سزادانی عێراقی تایبەتە بە کوشتنی بەئەنقەست، توندترینی سزای لەسێدارەدانە و کەمترینی سزای زیندانی هەتاهەتاییە.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP