هەرێم نیوز
لە دیدارێکدا لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، سەرۆکی ڕوسیا ڕایگەیاند، هیچ پاساوێک بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران نییە و مۆسکۆ هەوڵی یارمەتیدانی گەلی ئێران دەدات.
ئەمڕۆ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە مۆسکۆ لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیا کۆبووەوە.
پوتین “هیوای باشترین”ی بۆ سەرکردە و سەرۆککۆماری ئێران خواست و بە عێراقچی ڕاگەیاند؛ “بوونی ئێوە لە مۆسکۆ دەرفەتێکمان پێدەدات بۆ ئەوەی بکۆڵینەوە کە چۆن دەتوانین چارەسەرێک بدۆزینەوە و پێکەوە ئەو کارە دەکەین”.
عەباس عێراقچی وتی: “پەیوەندییەکانی ئێران و ڕووسیا زۆر نزیک لەیەک و دێرینن و لەم ساڵانەی دواییدا لایەنێکی ستراتیژییان وەرگرتووە.”
وتی تاران ڕاوێژی نزیکی لەگەڵ ڕووسیا هەبووە و ڕووسیا هاوبەش و هاوڕێی ئێران بووە لە پرسی ئەتۆمیدا، وێستگەی کارەبای بوشێهری بۆ ئێمە دروستکردووە، هەروەها لە دانوستانە ئەتۆمییەکانیشدا ئامادە بووە."
وتیشی هێرشەکانی ئیسرائیلی بە پێشێلکردنی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر ئەو دەستدرێژییانە وەک بەرگرییەکی ڕەوا هەڵسوکەوت دەکات.
هێشتا ڕوون نییە کە ڕووسیا چ هەنگاوێک بۆ پشتیوانی لە ئێران بگرێتەبەر. مۆسکۆ پێش هێرشەکانی ئەمریکا ئێوارەی شەممە هۆشداری دابوو کە دەستێوەردانی سەربازی ئەمریکا دەتوانێت ناوچەکە تێکبدات.