هەرێم نیوز
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، سەرکردەکانی ئێران بە لەبەرچاوگرتنی توندتربوونی هەڕەشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، بەشێوەیەکی جددی و بەپەلەتر، تاوتوێی پۆرسەی جێنشینی ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕێبەری تەمەن 86 ساڵانی ئەو وڵاتە دەکەن.
لیژنەیەکی سێ کەسی لە "ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەریی" کە نزیکەی دوو ساڵە بە نهێنی چالاکی دەکەن، دوای پەرەسەندنی هێرشەکانی ئیسرائیل و هەڕەشەی کوشتنی خامنەیی، هەوڵەکانیان زیاتر کردووە.
ئایەتوڵڵا خامنەیی کە لە ئێستادا لە ژێر بارودۆخی تایبەتی ئەمنی و دوور لە چاوی گشتی ژیان بەسەر دەبات، بەردەوام لە پرۆسەی تاوتوێکردن و بڕیارەکاندا ئاگادار دەکرێتەوە.
هاوکات دوو کەسایەتی سەرەکی وەک جێنشینی ئەگەری پێشنیار کراون: موجتەبا خامنەیی کوڕی ڕێبەری ئێستا کە بە تایبەتی لە نێو ڕەوتە توندڕەوەکاندا بە هۆی بەردەوامی ڕێبەرایەتییەکەیەوە پشتیوانی دەکرێت، و حەسەن خومەینی نەوەى خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی کە ڕوانگەیەکی میانڕەوی هەیە و لە نێو پیاوانی ئایینی و چین و توێژە جیاوازەکاندا "جەماوەرێکی زۆرتری هەیە".