هەرێم نیوز
یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی ئێران لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەزگای هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، کە حکومەت دەزانێت "خۆپیشاندان دژی حکومەتی تاران حەتمین؛ تەنها کاتەکەی نادیارە."
ئەو هەروەها وتی: "کێشەکانی حکومەتی ئێران تا دێت گەورەتر دەبێت، لە کاتێکدا بژاردەکانی ئێمە کەمتر دەبنەوە."
ڕۆیتەرز ڕایگەیاند کە ئابووری ئێران ڕووبەڕووی مەترسی هاوکاتبوونی هەڵاوسانی زۆر و قەیرانی قوڵ بووەتەوە. بەرپرسان و شیکەرەوان وتویانە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پاراستنی سەقامگیری هەوڵ دەدات، بەڵام لە دوای گەڕانەوەی سزاكانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەرفەتی دەربازبوونی سنوودارە.
سێ بەرپرسی باڵای ئێران کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت، بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند تاران باوەڕی وایە، ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکان و ئیسرائیل لەڕێی توندکردنەوەی سزاکانەوە، بەدوای دروستکردنی ئاژاوە و هەڕەشەکردن لە مانەوەی حکومەتی ئێرانن.
بە وتەی ئەو بەرپرسانە، لە دوای گەڕانەوەی سزاکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، چەندین کۆبوونەوە لە تاران ئەنجام دراوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە ڕووخانی ئابووری بکرێت، ڕێگاکانی دەربازبوون لە سزاکان تاوتوێ بکرێت و توڕەیی گشتی کۆنتڕۆڵ بکرێت.