هەرێم نیوز
بەپێی ئاژانسی هەواڵی میزپۆتامیا، ئۆجەلان لە ڕێگەی شاندی ئیمراڵییەوە پەیامێكی تایبەتی بارزانی ناردووە و داوای كردووە، سەرۆكایەتیی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بكات.
ئاژانسی هەواڵی میزپۆتامیا بڵاوی كردەوە، عەبدوڵا ئۆجەلان كە لە دیدارەكانی پێشووی لەگەڵ شاندی ئیمراڵی، پەیامی بۆ حزب و بازنە كۆمەڵایەتییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان ناردبوو، لە پەیامە نوێیەكەیدا بۆ بازنەكانی سیاسیی كورد لە باكور، باشوور، ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات و رەوەند، جارێكی تر داوای كۆنگرەی نەتەوەیی كورد كردووە.
ئۆجەلان لە دیدار و نامەکانیدا باس لەوەکردووە کە لە ساڵانی (2013-2015) هەوڵی زۆری داوە بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، بەڵام هۆکارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئەم پرۆسەیە هەبووە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا دڵنیایی داوەتە بارزانی کە پاڵپشتی لە هەموو هەوڵەکان دەکات بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد و ئەرکەکانی و پێیوایە رەنگە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کۆتایی بە دابەشبوونی کورد بهێنێت. لەژێر چاودێری کۆنگرەی نەتەوەییدا، پێویستە کۆمیتەی نەتەوەیی هاوبەش و کۆمیتەی زمان و رۆشنبیری و مێژوو دابمەزرێنرێت و بەپێی پێویست لیژنەی نوێ دابمەزرێندرێت.
ئۆجەلان بەپێویستی زانیوە كۆنگرەی نەتەوەیی هەڵوێستێكی هاوبەش دیاری بكات، لە بەرانبەر هێرشە چاوەڕوانكراوەكان دژ بە بوونی كورد و ناسنامە و زمان و كولتوور و جیۆگرافیادا هەنگاو بنێت.