هەرێم نیوز
بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئاستی ئاوی سەرچنار نزیك بووەتەوە لە وشكبوون، هاوكات زۆرینەی سەرچاوە ئاوییەكانی سنووری سلێمانی وشكیان كردووە، لەناویشیاندا ئاوی سەیرانگەی سەراوی سوبحان ئاغا.
بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەرى ئاوى سلێمانى ڕایگەیاند، ئاستی ئاوى سەرچنار زۆر کەمبووەتەوە، نزیکدەبێتەوە لە وشکبوون، لە 24 کاتژمێردا 170 بۆ 180 هەزار مەتر سێجا لە ئاوى سەرچنار بۆ ئاوى خواردنەوە بەکاردەهێندرا، بەڵام ئێستا کەمبووەتەوەو ناتوانین ئەو رێژەیە بەکاربهێنین.
سەبارەت بەكانی و كارێزەكانی دەوربەری سلێمانی، شیروان جەمال، بەڕێوەبەرى ئاوى دەوروبەرى سلێمانى ڕایگەیاند، بۆ ئەمساڵ سەرچاوەکانى ئاو کەمیکردووە و بەشێک لە کانى و کارێز و بیرەکان وشکیانکردووە یاخود مەترسيى وشکبوونیان لەسەرە.
باسی لەوەشكردووە، بەهۆى کەميى رێژەى بارانبارین، هەندێک سەرچاوەى ئاو نەژیاوەتەوە و وشکیکردووە، وەک سەرچاوەى ئاوى تافان لە قەرەداغ
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە لەکۆى 160 کانى و کارێز لە دەوروبەرى سلێمانى 120یان وشکى کردووە، هەروەها لە کۆى 560 بیر 95 یان وشکیکردووە، یان ئاوەکەیان تەواو کەمبووەتەوە.
هاوكات لە سنووری سلێمانی، چەندان سەرچاوەی ئاویی وشكیان كردووە كە بەشێكیان لە ئاستی كوردستاندا ناسراون و وەك سەیرانگە خەڵك سەردانی دەكردن، لەوانە ئاوی سەراوی سوبحان ئاغا كە دەیان ساڵە سەرچاوەیەكی گرنگی ئاوی ناوچەی شارەزوور بووە، یەكێك لە سەیرانگە جوانەكانی ناوچەكەش بوو و ئێستە وشكی كردووە.