هەرێم نیوز
هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی به سەرۆکایەتی ئەمریکا بەردەوامن له گواستنەوەی كەرەستە سەربازییەكانیان له ناوچەکانی رۆژهەڵاتی سوریا، له چوارچێوەی پرۆسەی چۆڵکردن و سەرلەنوێ خۆ رێكخستنەوە، به ئامانجی کەمکردنەوەی بوونی خۆیان له هەندێک خاڵی سەربازی.
بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییە ناوخۆییەکان، دوێنێ هێزەکانی هاوپەیمانان کەرەستەی سەربازی و لۆجستییان لە بنکەی شەدادی لە گوندەواری باشوری حەسەکەوە گواستووەتەوە بۆ ناو خاکی عێراق و، لە رێگەی کاروانی بارهەڵگری گەورەوە بنکەکەیان بەجێهێشتووە.
لە هەمان کاتدا فرۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا، ژێرخانی دەوروبەری بنکەی کێڵگەی نەوتی "ئەلعومەر"یان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دەیرلزور کردووەتە ئامانج و خاپوریان كردووە، ئەوەش چەند رۆژێک دوای چۆڵکردنی بەشێک لە بنکەکە.
ماڵپەری تەلەفزیۆنی سوریا بڵاویكردەوە، رۆژی هەینی زیاتر لە 200 ئۆتۆمبێلی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بنکەکانی "کۆنیکۆ و ئەلعومەر" لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دەیرلزور بەرەو پارێزگای حەسەکە کشاونەتەوە.
کشانەوەکە شوێنە گرنگەکانی وەک گوندی سەوز (کێڵگەی کۆنیکۆ) و فورات (کێڵگەی ئەلعومەر)ی لەخۆگرتبوو، جگە لە دامەزراوەیەکی بچووکتر کە وردەکارییەکانی ئاشکرا نەکراون.
سەرچاوەیەک لە ناو هێزەکانی سوریای دیموکرات راگەیاندووە، هێزەکانی ئەمریکا لەچەند بنكەیەكدا جێگردەبن كە ژمارەیان لە پێنج بنکەی سەرەکی زیاتر نەبێت لە ناوچەكانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، کە لانیکەم سێ بنکەیان لە پارێزگای حەسەکە جێگیرن.
لە ئێستادا هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا لە 17بنکە و15 خاڵی سەربازی جێگیرن، کە17 شوێنیان لە پارێزگای حەسەکەیە،9 یان لە پارێزگای دەیرلزورو و3یان لە پارێزگای رەقەیە.