هەرێم نیوز
رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست ئاشکرای دەکات، ترەمپ لە مایک واڵتز توڕە بووە، دەشڵێت، "جۆش و خرۆشی بەردەواميی بۆ لێدانی ئێران ترەمپى بێزاركردووە".
رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست لەزاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاشکرایکردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا لە مایک واڵتز، راوێژکاری پێشوی ئاسایشی نیشتمانی توڕە بووە، دوای ئەوەی وا دەرکەوتووە پشتیوانی هەڵوێستی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی كردووە، کە پێی وایە کاتی ئەوە هاتووە گورزی سەربازی لە ئێران بوەشێنرێت.
بەگوێرەی ئەو دوو سەرچاوەیە، واڵتز گفتوگۆیەكی چڕی لەگەڵ ناتانیاهۆ سەبارەت بە بژاردە سەربازییەکان لەدژی تاران ئەنجامداوە، ئەوەش پێش کۆبونەوەی نێوان ناتانیاهۆ و ترەمپ لە كۆشكی سپی.
ئاماژەیان بەوەشكردووە، هەرچەندە واڵتز بۆ چەند هەفتەیەکیش لە پۆستەکەی مایەوە، سەرەڕای بڵاوبونەوەی "ئابڕوبەری سیگناڵ"، بەڵام بێزاری ترەمپ لە جۆش و خرۆشی بەردەواميی بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی ئێران، بڕیاری دوورخستنەوەی خێراتر کردووە.
هەندێک لە ئیدارەی ئەمریکا پێیان وایە، واڵتز هەوڵیداوە پارسەنگەكە بەرەو کردەوەی سەربازی بگۆڕێت، بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ ئیسرائیلییەکان هەڵسوكەوتی كردووە.