هەرێم نیوز
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان 20 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی بۆ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆ دابین کردووە، کە خاوەنی سیستەمێکی بەهێز و پێشکەوتووی ئاگرکوژێنەوە لە جۆری "ڕۆزن پاوەر" و هەمان سیستەمی ئاگرکوژێنەوەیە کە لە فڕۆکەخانەکاندا بەکار دەهێنرێن.
هێمن میرانی بەڕێوەبەرى گشتیی دیوانى وەزارەتى ناوخۆ لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئۆتۆمبێلەکان بەبڕى دوو ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆ کڕدراون و قەبارەیان گەورەترە لەو ئۆتۆمبێلانەى ئێستا لە ئەرکدان.
ئاماژەى بەوەشکرد، ئۆتۆمبێلەکان شەش هەزار لیتر ئاو دەگرن و زیاتر لە سەنتەرى شارەکان بەکاردەهێندرێن کە بە تەکنەۆلوجیاى نوێ ئامادەکراون.
4ى ئایارى هەموو ساڵێک وەک رۆژى جیهانیی کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە دیاریکراوە و لە زۆرێک لە وڵاتان چالاکیى جۆراوجۆر بەوبۆنەیەوە سازدەکرێت.
رۆژى 4ى ئایارى 1999، پێنج کارمەندى ئاگرکوژێنەوە لە کاتى کوژاندنەوەى ئاگرى دارستانەکانى ئوسترالیا گیانیان لەدەستدا، لەو کاتەوە رۆژەکە بەرۆژى جیهانیی کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە ناسێندراوە.