هەرێـم نیوز
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، بەهۆی پرۆژەی روناکی کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە، لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان زیاتر لە 700موەلیدە کوژێنراونەتەوە.
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی حكومەتی هەرێم لە X نوسیویەتی: بەهۆی پرۆژەی روناکی کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە، لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان زیاتر لە 700موەلیدە کوژێنراونەتەوە، كە هاوتای 125 هەزار ئۆتۆمبیلە لە شەقامەکان هەڵگیراون.
ئاماژەی بەوەكردووە، ئەوەش تەنها بە کوژاندنەوەی سەرووی 700مۆلیدە گازوایلەکانی گەڕەکەکان بووە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان. هێشتا نزیکەی (6,300) دانەی تریش ماون هەڵبگیرێن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی کارەبا 1340 مێگاوات زیادیکردووە و گەیشتووەتە 3817 مێگاوات، هاوکات ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووەتە 7689 مێگاوات.
پێشتریش وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم بڵاویکردوەتەوە، لە ئێستادا 415 هەزار هاوڵاتیی لە کارەبای 24 کاتژمێری سودمەندبون، هەوڵەکانیش بەردەوام دەبن تا کارەبای 24 کاتژمێری دەگەیەنرێتە ماڵ بە ماڵی کوردستان.
سوودەکانی پرۆژەی ڕووناکی:
بۆ هاووڵاتیان:
خێزانەکان ئازادی زیاترییان لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیان دەبێت. پێویست ناکات بەرنامەی ڕۆژانەیان پەیوەست بکەن بە کاتی هەبوونی کارەبا، کە ئەمەش بەختەوەری و ئاسوودەیی بۆ هاووڵاتی دەگەڕێنێتەوە.
بۆ بازرگان و فرۆشتگاکان:
شوێنە بازرگانییەکان بە سوود وەرگرتن لە کارەبای بەردەوام باشتر خزمەتی کڕیارانیان دەکەن و ئاستی کارەکانییان باشتر دەبێت. هاوکات هۆکارێکیشە بۆ زیادبوونی داهات و جووڵەی بازرگانی بۆ بزنس و فرۆشگە و کارگەکان.
نەمانی پشتبەستن بە مۆلیدەکان:
* لەڕێگەی کارەبای نیشتمانی هاووڵاتییان مامەڵە لەگەڵ مۆلیدەی ئەهلی گەڕەکەکان ناکەن، پشتبەستن بە مۆلیدەکان نامێنێت و لە کۆتایی مانگ تەنها یەک پسوولەی کارەبایان بۆ دەچێت.
* بۆ حاڵەتە کورت و نەخوازراوەکانی پچڕانی کارەبا، بڕیار وایە هەماهەنگی پێویست بکرێت و بەردەوام کراوە بۆ ئەوەی مۆلیدەی گەڕەکەکان وەک سەرچاوەی یەدەگی کارەبا کاربکەن. ئەمەش دڵنیایی لە بەردەوامی کارەبای 24 کاتژمێری دەدات.
* هەروەها تیمەکان بەردەوام خەریکی هەڵسەنگاندنن بۆ ژێرخانی کارەبا بۆ چارەسەرکردنی ئەو پچڕانە کورت و نەخوازراوانەی جاروبار ڕوودەدەن تاوەکو بنبڕ بکرێن.
* کەمبوونەوەی پشتبەستن بە مۆلیدەکان دەبێتە هۆی زیادبوونی سەلامەتی و کەمبوونەوەی حاڵەتی نەخوازراوەکانی وەک سوتان بەهۆی کارەبا، و دەبێتە هۆی پاکبوونەوەیەکی سەرتاسەری ژینگەی هەرێمی کوردستان.