هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دڵنیایی و متمانەی بە توانای ئیدارەکەی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکە دەربڕی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند: هەموو شتێک لەگەڵ ئێران زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت، دڵنیام ڕێککەوتن ئەنجام دەدەین و شتێکمان دەستدەکەوێت بۆیە پێویست بە بۆردومان کردن و وێرانکاری ناکات.
هەروەها بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوێنێ لە وتارێکدا رایگەیاند، تاکە رێککەوتنی قبوڵکراوی نێوان واشنتۆن و تاران رێککەوتنێکە کە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و سنووردارکردنی بەرنامە مووشەکییەکەی.
هەروەها لای خۆیەوە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران پیشتر ڕاگەیاند: ئەگەر ڕێز لە بەرژەوەندییەکانی تاران بگیرێت، ئێران ئامادەیە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا لە ئاستێکی یەکساندا ئەنجام بدات.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز پێشتر بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی ئێرانی رایگەیاندبوو، بەرنامەی مووشەکیی ئێران پرسێکی گەورەترە لە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا.
بەگوێرەی راپۆرتەکان، یەکێک لە پێشنیازەکانی ئێران لە دانوستانەکاندا هەڵگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانە لە وڵاتێکی دەرەوە، روسیا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە یۆرانیۆمەکەی ئێران بگوازێتەوە بۆ وڵاتەکەی.
ئەمەش لە کاتێکدیە، رۆژی 26ی4ی2025، سێیەمین خولی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە شاری مەقەستی پایتەختی عومان بەڕێوەچوو و بڕیارە هەفتەی داهاتووش چوارەم خول بەرێوەبچێت، بەڵام تا ئێستا شوێنی بەڕێوەچوونی دانوستانەکان دیار نەکراوە.