هەرێم نیوز
نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، ترەمپ پلانی هێرشێكی ئیسرائیلی بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران هەڵوەشاندووەتەوە.
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکانی ناو ئیدارەی ئەمریکا و بەرپرسانی ئاگادار لە پلانە نهێنییەکانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ هێرشێکی سەربازیی ئیسرائیلی هەڵوەشاندووەتەوە کە پلانی بۆ دانرابوو لە مانگی ئایاری داهاتوودا بكرێتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، لەبری ئەوە پێی باشترە دەرگای دانوستان لەگەڵ تاران بکاتەوە بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێک کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی كۆتوبەند بکات.
رۆژنامە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیسرائیل پێشتر پلانی داڕشتووە بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بە هاوکاری واشنتۆن لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا، بە ئامانجی پەكخستنی توانای تاران بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی لانیکەم بۆ ماوەی ساڵێک.
بەگوێرەی رۆژنامەكە، جێبەجێکردنی ئەو پلانە پێویستی بە پشتیوانی راستەوخۆی ئەمریکا هەبووە، هەم بۆ رێگریکردن لە هەر وەڵامدانەوەیەکی ئەگەری ئێران و هەم بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی هێرشە ئاسمانییەکان.
بەڵام بڕیاری ترەمپ، بەگوێرەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، پلانەکانی ئیسرائیلی پووچەڵ کردەوە، دوای چەند مانگێک مشتومڕ لەناو ئیدارەی ئەمریکا لە نێوان "هەڵۆكان" کە پاڵپشتی لە کردەوەی سەربازیی ئیسرائیل دەکەن، لەگەڵ ئەوانی دیکە كە گومانیان هەیە لە دەرەنجامی هێرشك كە رەنگە شەڕێکی هەرێمایەتی فراوان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵبگیرسێنێت.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی رۆژنامەکە، ئیدارەی ترەمپ گەیشتووەتە کۆدەنگییەکی شڵۆق لە بەرژەوەندی رێڕەوی دیپلۆماسی، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و رێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانیان.
رۆژنامەکە باسی لەوەشكردووە، لە کۆبونەوەیەکدا کە هەفتەی رابردوو لە کۆشکی سپی بەڕێوەچوو، لەکاتی سەردانەکەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ واشنتۆن، ترەمپ راستەوخۆ میوانەکەی ئاگادارکردەوە کە ئەمریکا پشتیوانی لە هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکە ناکات.