هەرێم نیوز
کۆبونەوەی وەفدی ئیمرالی دەم پارتی لەگەڵ یەڵماز تونج، وەزیری دادی تورکیا، کە بڕیاربوو رۆژی هەینی ئەنجام بدرێت، بەهۆی بارودۆخی تەندروستی سری سورەیا ئۆندەر دواخرا، ئەوە لەكاتێكدایە، چاودێریکردنی چڕیی سری سورەیا لە نەخۆشخانە بۆ ماوەی پێنج رۆژ درێژکراوەتەوە.
محەمەد ئەمین ئەکمەن، جێگری سەرۆکی گشتیی پارتی دەڤا، لەو نەخۆشخانەی کە سری سورەیا ئۆندەری لێی خەوێنراوە ، سەبارەت بە کۆبونەوەی وەفدی ئیمرالی دەم پارتی لەگەڵ یەڵماز تونج، وەزیری دادی تورکیا لە (١٨)ی نیسان، پرسیاری لە تونجەر باكرهان هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی کردووە، لە وەڵامدا باكرهان ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی باری تەندروستی سری سورەیا ئۆندەرەوە کۆبونەوەکە دواخراوە.
هاوکات، کەماڵ کلیچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشوی جەهەپە سەردانی ئەو نەخۆشخانەی کردووە سری سورەیا ئۆندەر تێیدا چارەسەری بۆ دەکرێت و رایگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە پزیشکەکانەوە پێمان گەیشتووە، ماوەی مانەوەی سری سورەیا ئۆندەر لە نەخۆشخانە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ درێژکراوەتەوە.
شەوی (١٥)ی نیسان سری سوورەیا ئۆندەر ئەندامی شاندی ئیمرالی دەم پارتی و جێگری سەرۆکی پەرلەمان تووشی جەڵدەی دڵبوو و بەپەلە گەیاندرایە نەخۆشخانە لە ئەستەنبوڵ و نەشتەرگەرییەکی قورسی بۆ ئەنجام درا.