دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دەکات

هەرێم نیوز 

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران کرد و رایگەیاند، جەختمان لە برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی 4ی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، تێیدا هاتووە، "ئێوارەی ئەمڕۆ پێشوازیمان لە سەعید خەتیب زادە جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد" .

ئاماژەی بەوەش کردووە، "دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانمان تاوتوێ کرد و جەختمان لە برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش کرد".

ئەوەش هاتووە،" گفتوگۆکانی کۆماری ئیسلامی ئيران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانمان بوو".

ئەمەش لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ مەسرور بارزانی بەشداری لە دیداری سلێمانی کرد و سەبارەت بە دواین پێشهاتەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا وتی، "ئێران لاواز نەبووە، دراوسێی ئێمەیە، پەیوەندیی دۆستانەمان لەگەڵ ئێران هەیە. لەگەڵ ئەمریکاش دۆستایەتیمان هەیە و هەمیشە پشتوانی ئێمەن". 
 
باسی لەوەش کرد، "رێز لە پەیوەندییەکانی خۆمان لەگەڵ ئێران و ئەمریکاش دەگرین، بەهیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی کورد نییە ببێتە بەشێک لە کێشەکە".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP