هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گۆڕانکاریی خێرا و هەستیار لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە، دەشڵێت، "سیاسەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ خراپترکردنی سەقامگیریی ناوچەکە نین".
مەسرور بارزانی لە دیداری سلێمانی رایگەیاند، هەندێک لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە لە چاوەڕوانیی کەسدا نەبوون، بەڵام لە ئێستادا "بارودۆخێکی نوێ خوڵقاوە". باسی لەوەش کرد، ئەو گۆڕانکارییەی لە سووریا کرا، لە چاوەڕوانیی دەسەڵاتی ئێستا و پێشووش نەبووە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکات "یەکگرتوو بن" و لەگەڵ دیمەشق هەوڵبدەن رێکبکەون و "هەڵەکانی ئێمە دووبارە نەکەنەوە".
مەسرور بارزانی وتی، "سووریا لە دۆخێکی زۆر هەستیاردا دەژی، پێویستیان بە یارمەتیی نێودەوڵەتی هەیە."
سەرۆکوەزیران رایگەیاند، "ئەمریکییەکان دەیانەوێ ئاشتی بەرقەراربێ، ئەوان رێکاری جیاوازتریان هەیە، بەکارهێنانی هێز بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتییە، ئەگەر ئەمە سیاسەتیان بێت، لایەنەکان دەبێت بتوانن مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن".
مەسرور بارزانی باسی لە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کرد، گوتی، "ئێمە پەیوەندیی باشمان لەگەڵ ئەوان هەیە. چەندین بەرپرسی دیکەش هەن لە ئیدارەی ترەمپ، دۆستی نزیکی ئێمەن. هەمیشە هەوڵمانداوە مایەی خێر بین".
لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پێشتریش هەوڵی ئەوە دراوە ئاشتی ببێتە جێگرەوەی شەڕ و پێکدادان، بەڵام ئاشتی بە لایەنێک ناکرێت".
مەسرور بارزانی لەوبارەیەوە زیاتر قسەی کرد، وتی، "ئەم جارە گۆڕانکاریی لە بۆچوونی لایەنە تووندڕەوەکانیش هەیە، ئەوان باسی ئاشتی و لێکنزیکبوونەوە دەکەن. ئەمە جیاوازییەکەیە". گوتیشی، "ئەمانە هەمووی گۆڕانکاریی ئەرێنی و باشن. دەبێت ئیرادەی ئاشتی و پرۆسەی سەرخستنی ئاشتی بەهێزتر بێت لەوانەی دەیانەوێ رێگری لێ بکەن."
مەسرور بارزانی وتی "ئێران لاواز نەبووە، دراوسێی ئێمەیە، پەیوەندیی دۆستانەمان لەگەڵ ئێران هەیە. لەگەڵ ئەمریکاش دۆستایەتیمان هەیە و هەمیشە پشتوانی ئێمەن".
باسی لەوەش کرد، "رێز لە پەیوەندییەکانی خۆمان لەگەڵ ئێران و ئەمریکاش دەگرین، بەهیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی کورد نییە ببێتە بەشێک لە کێشەکە".